نەتەوەیەکگرتووەکان: له‌ ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا شۆک بووین


وێستگه‌نیوزـ

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە کەوتنەوەی قوربانیی سڤیل لە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی چوار بارمتە ئیسرائیلییەکەدا لە غەززە و وتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "بەقووڵی تووشی شۆکبووین".

جێرمی لۆڕێنس، وتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "ئێمە بە قووڵی تووشی شۆکبووین لە کاریگەریی ئۆپراسیۆنەکەی هێزەکانی ئیسرائیل لە نوسەیرات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بۆ ئازادکردنی چوار بارمتەکەیان".

وته‌بێژی نووسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان باسی له‌وه‌شكردووه‌، "دەوترێت سەدان فەڵەستینی کە زۆربەیان سڤیلن، کوژراون و برینداربوون، ئەو شێوازەی کە بە هەڵکوتانە سەر ناوچەیەکی چڕی دانیشتووان ئەنجامدرا ئەو پرسیارە جدییە دەوروژێنێت، کە ئایا یاساکانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە رێزیان لێگیراوە یاخود نا؟".

رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2024، ئیسرائیل رزگاركردنی چوار بارمتەی لەلای بزووتنەوەی حەماس لە كەمپی نوسەیراتی كەرتی غەززە لە ئۆپراسیۆنێكدا راگەیاند.

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ئۆپراسیۆنەكەی ئیسرائیلدا زیاتر لە 210 كەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 400 كەسی دیكە برینداربوون، كە سەرجەمیان هاووڵاتیی مه‌ده‌نی بوون.


PM:05:10:11/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 2852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت