زانیاری‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر ئاشكرا كرا


وێستگه‌نیوز-

پارێزگاری هه‌ولێر زانیاری‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی‌ دوێنێی‌ هه‌ولێر ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ كێشه‌ی زه‌وی و زار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روویداوه‌، ده‌شڵێت، "چوار كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژران".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕه‌ته‌قه‌كه‌ی دوێنێی گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ رایگه‌یاند كه‌ "رووداوه‌كه‌ی دوێنێ زۆر ناخۆش بوو و تا ئێستا چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.


ئومێد خۆشناو وتی: "ده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیس ئه‌وه‌ی پێویست بوو گرتویانه‌ته‌به‌ر بۆ رووداوه‌كه‌ و به‌تایبه‌ت پارێزگاریكردن له‌گۆڕستان و نه‌خۆشخانه‌كان بۆئه‌وه‌ی زیاتر شه‌ڕه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات".

وتیشی‌: "ئه‌و بابه‌ته‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروستبووه‌، هی ئێستا نییه‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ ره‌نگه‌ هی 10 ساڵ پێشتر بێت، زه‌ویه‌ك بووه‌ به‌ كه‌سێك دراوه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌ و له‌ئه‌نجامدا پرۆژه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌ و لێی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاسایی زه‌ویه‌كه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ دراوه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "پێدانی زه‌وی به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران یان وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو دوای ره‌زامه‌ندی وه‌به‌رهێنان، شاره‌وانی زه‌ویه‌كه‌ دیاری ده‌كات".

پارێزگاری‌ هه‌ولێر باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕه‌كه‌ خۆیان خۆی به‌خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی زه‌ویه‌كه‌ ده‌زانن، كه‌یسه‌كه‌ش له‌دادگا بووه‌ و چه‌ندینجار دانیشتنیان كردووه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی رانه‌وه‌ستن له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی دادگا و ئه‌و ژماره‌ قوربانییه‌ زۆره‌ی لێكه‌وته‌وه‌".

سه‌رله‌ئێواره‌ی رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێ هه‌ولێری‌ نوێ‌ له‌ نزیك شه‌قامی 120 مه‌تری شاری هه‌ولێر شه‌ڕ له‌نێوان چه‌ند كه‌سێك دروست بوو و ته‌قه‌ كرا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س كوژران و بریندار بوون‌.


PM:12:41:11/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت