له‌ وێستگه‌نیوزه‌وه‌ بۆ وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان:
مه‌گه‌ر هه‌ر به‌رێز سه‌عدی‌ پیره‌ بزانێت لێدوانه‌كه‌ی‌ چۆن گۆڕاو له‌به‌رچی‌ گۆڕدرا


وێستگه‌نیوز-

رۆژی دووشه‌ممه‌ 27ی ئایاری 2024 دوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتی لێدوانی بۆ چه‌ند میدیایه‌كی حزبه‌كه‌ی له‌نێویاندا ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دا و ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئاشكرا كرد.

له‌میانی لێدوانه‌كه‌ی بۆ PUKMEDIA، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وتبووی: "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كرا، ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن و دواخستنی ئه‌زمه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌یه‌ و سه‌لماندنی بێتوانایی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان".

وێستگه‌نیوز، وه‌ك كاری پیشه‌ییانه‌ و رۆژنامه‌نووسانه‌ی خۆی، ئه‌و ده‌قه‌ی كرد به‌ گرافیك و مانشێتی هه‌واڵه‌كه‌ی و به‌ ئاماژه‌دان به‌ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی هاتووه‌ ده‌ستكاری داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵی لێدوانه‌كه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یانی كردووه‌ و ئه‌و رسته‌یه‌ی لابردووه‌ كه‌ ده‌ڵێت " دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئه‌زمه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌یه‌ و سه‌لماندنی بێتوانایی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان" و گۆڕیویه‌تی به‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامنه‌درێت، بۆ ناحه‌زانی كوردی ده‌سه‌لمێنن كه‌ توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنمان نییه‌ "، كه‌ واتاكه‌ی‌ گۆڕیوه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر به‌رێز سه‌عدی‌ پیره‌ بزانێت هه‌واڵه‌كه‌ بۆچی‌ گۆڕدراو چۆن گۆڕا.

هاوكات ئه‌مڕۆ نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی به‌ڕێز وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا وێستگه‌نیوز تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی گوایه‌ به‌ متمانه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: " له‌ سایتی وێستگه‌ نیوز هه‌واڵێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ زاری هه‌ڤاڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوایه‌ ، ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن و دواخستنی سه‌لماندنی پێوانه‌یی حكومه‌ت و ده‌سه‌لاته‌ له‌ هه‌رێم".

گه‌ر دیقه‌تی هه‌واڵه‌كه‌ی وێستگه‌ بدرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و رسته‌یه‌ی بڵاونه‌كردووه‌ و وشه‌ی "پێوانه‌یی" به‌كار نه‌هێناوه‌ كه‌چی‌ نوسینگه‌كه‌ی‌ به‌رێز سه‌عدی‌ پیره‌ی‌ وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌و وشه‌یه‌ی‌ "پێوه‌ ناوه‌" و هاوكاتیش له‌ناو هه‌موو ئه‌و ده‌زگایه‌نه‌ش كه‌ به‌و جۆره‌ی‌ وێستگه‌نیوز بڵاویانكردۆته‌وه‌ ته‌نها وێستگه‌نیوزی‌ ده‌ستنیشانكردووه‌، چونكه‌ چاك ده‌زانن وێستگه‌نیوز جێگه‌ی‌ متمانه‌یه‌ به‌حساب له‌ڕێگه‌ی‌ لێدان له‌متمانه‌ی‌ وێستگه‌نیوزه‌وه هه‌واڵه‌كه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌. نازانێت وێستگه‌نیوز له‌پێناو متمانه‌یدا هێڵی‌ سوری‌ نییه‌و سه‌ری‌ به‌رزی‌ رۆژانامه‌وانی‌ بۆ كه‌س دانانێت.

ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یاندنه‌ فه‌ڕمییه‌كانی‌ یه‌كێتیش بڵاویانه‌كرده‌وه‌، چونكه‌ چاك ده‌زانن كه‌ وێستگه‌نیوز ده‌زگایه‌كی‌ متمانه‌ پێكراو بێ‌ لایه‌نه‌ له‌ڕووماڵی‌ هه‌واڵه‌كاندا.

وێستگه‌نیوز له‌ سۆنگه‌ی پابه‌ندبوون به‌ كاری پیشه‌ییانه‌ی خۆی، ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIAی كردووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ و هه‌واڵه‌كه‌ی لێوه‌رگرتووه‌، حه‌ق بوو ئه‌وانیش له‌جێی ئه‌و متمانه‌یه‌دا بوونایه‌ و دوای چه‌ند كاتژمێرێك ده‌ستكاری هه‌واڵه‌كه‌یان نه‌كردایه‌.
سایتی‌ ویستگه‌نیوز و پلاتفۆڕمه‌كانی‌ سۆشیال میدیای‌ ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ له‌ڕابردوو ئێستاشدا جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ چه‌ندین ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و حكومه‌ت و حزبه‌ سیاسییه‌كان و خوێنه‌رانه‌ كه‌به‌بێ‌ جیاوازیكردن ڕاو سه‌رنجی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌پێناو پیشه‌یی بوونی وێستگه‌ نیوز ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی نوسینگه‌ی به‌رێز سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌:

روونکردنەوەیەک لە نوسینگەی رۆژنامەوانی وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کورستان 

لە سایتی وێستگە نیوز هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە ، لە زاری هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە گوایە ، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دواخستنی سەلماندنی پێوانەیی حکومەت و دەسەلاتە لە هەرێم. 

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە لێدوانی بۆ سایتی وێسگە نیوز نەداوە و وە ئەگەر لێدوانەکەشی لە سایتی تر وەرگرتبێت، بە ئەمانەتەوە بڵاوی نەکردۆتەوە.

به‌شی‌ هه‌واڵی‌ سایتی‌ وێستگه‌نیوز


PM:03:33:28/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 16368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت