سودانی كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر موچه‌ی فەرمانبەرانی هه‌رێم ته‌واو كرد و راسپارده‌یه‌كی ده‌ركرد


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای ته‌واوكردنی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، راسپارده‌یه‌كی ده‌ركرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌له‌ له‌ ته‌واوكردنی تۆماری زانیارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێم بكرێت.

به‌پێی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بریاره‌كه‌ی 21ی شوباتی 2024ی دادگای فیدڕاڵی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی پابه‌ند كردوه‌ به‌ ته‌وتینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

نوسینگه‌كه‌ ده‌ڵیت كه‌ سودانی چاودێریی جێبه‌جێكردنی رێوشوێنه‌كانیشی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی و بانكه‌ حكومییه‌كانیش كردوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ ته‌وتینكرنی موچه‌.

هه‌ربه‌پێی نوسینگه‌كه‌ی، سودانی به‌پێویستی زانیوه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی تۆماركردنی زانیاریی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دواخستنی موچه‌كانیان.

سودانی وتویه‌تی: "حكومه‌تی فیدراڵ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ چاودێریكردنی موچه‌خۆران له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن چونكه‌ ئه‌وانه‌ رۆڵه‌ی گه‌لی عێراقن و ده‌بێت به‌وپێیه‌ی كه‌ یاسا و ده‌ستور دانی پێداناوه‌، مافه‌كانیان زامن بكرێت.


PM:05:29:27/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 3692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت