قه‌ته‌ر كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌

‌دیمه‌نێك له‌ شاری هه‌ولێر

وێستگه‌نیوزـ

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی قەتەری سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن.

هەڵگورد ساڵەیی، راوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "ئەمشەو شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئەحمەد حەسەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەگەنە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت".

وتیشی: "سەردانەکە بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی میرنشینی قەتەر لەگەڵ هەرێم و چەند دیدارێکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم، هاوکات بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی دەوڵەتی قەتەرە بە شێوەیەکی فەرمی".

راوێژکارەکە راشیگەیاند: "بڕیارە رۆژی یەکشەممە، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر لە سەرجەم بوارەکاندا گرنگیی خۆی دەبێت".

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 41 کونسوڵگەری، نووسینگەی کونسوڵگەری، نووسینگەی باڵیۆزخانە، ئاژانس و کونسوڵگەریی فەخری هەن و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.


PM:10:09:24/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت