فه‌رمانده‌یی هنێزه‌كانی كۆماندۆ: دوو تونێلی رێکخراوى داعشمان خاپوور کرد

‌دوو تونێلى داعش لەلایەن هێزەکانى کۆماندۆى کوردستانەوە وێران كران

وێستگه‌نیوزـ

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان ئاشکرایکرد، لە ئۆپراسیۆنێكدا دوو تونێلی رێکخراوى داعشیان خاپوور کردووە و دەستیش بەسەر ژمارەیەك كەرەستەی ئەلكترۆنیدا گیراوە.

فەرماندەییەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی له‌وه‌كرد، "تیمێكی شەڕكەر لە كوڕانی كۆماندۆ دوای دەستكەوتنی زانیاریی وردی هەواڵگری، لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان لە کاتژمێر 02:00ـى شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی رێككەوتی  23 لەسەر 24ـى ئایارى 2024، لەسنووری گەرمیان - تاوێركەوە، دەستیان بە كێوماڵكردنی دەرچەی تاوێركەوە كرد و دوو تونێلی تیرۆرستانیان لەو ناوچەیە خاپوور كرد".

کۆماندۆ ئاماژەى بەوەشکردووە، "لەكاتی كێوماڵ كردنەكەدا و لە یەكێك لە تونێلەكان، كوڕانی كۆماندۆ دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكی ئەلیكترۆنی و لاپتۆپ و پارچەی یەدەگی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكاندا گرت، كە ئامانجی ئۆپراسیۆنەكە دەستكەوتنی ئەو كەرەستانە بوو".

روونیشکراوەتەوە، هاوكات ئۆپراسیۆنەكە لە ئاسمانەوە لە لایەن هێلیكۆپتەری هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی كرا و لە کاتژمێر  09:00ـى بەیانی ئەمڕۆ هەینی كۆتاییهات.


PM:09:19:24/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت