یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپی ئاماده‌یی بۆ ده‌ستگیركردنی ناتانیاهۆ ده‌ربڕی
وێستگه‌نیوز-
وڵاتی نه‌رویج وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپی ئاماده‌یی ده‌ربڕی كه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ستگیر بكات، گه‌ر له‌لایه‌ن دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی فه‌رمانه‌كه ده‌ربكرێت.
ئیسپێن پارت ئایدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج رایگه‌یاند له حاڵه‌تێكدا دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ربكات، ئه‌وا وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده به ده‌ستگیركردنی ئه‌گه‌ر سه‌ردانی بكات.
به گوێره‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی رۆژی سێ شه‌ممه 21ی ئایاری 2024 له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویچ وه‌رگیراوه، ئایدی روونیكردووه‌ته‌وه: "ئه‌وه دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی بۆ ده‌رده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووبدات، پێویسته هه‌مو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی واژۆیان له‌سه‌ر سیستمی بنچینه‌یی رۆما كردووه كه دادگاكه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، به‌ده‌م بڕیاره‌كه‌ی دادگاوه بچن".
میدیاكانی ئیسرائیل لای خۆیانه‌وه، گرنگی و بایه‌خیان به‌و لێدوانانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج دا، له‌وانه ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل ده‌ڵێت كه "نه‌رویج یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپییه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردن له ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ده‌كات".
له‌م باره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت رایگه‌یاند كه "ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه كاریگه‌ری نییه، چونكه نه سه‌رۆك وه‌زیران و نه وه‌زیری به‌رگری، به‌م نزیكانه سه‌ردانی نه‌رویج ناكه‌ن".
رۆژنامه‌ی ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه نه‌رویج هاوشان له‌گه‌ڵ ئیسپانیا و ئیرله‌ندا، له كاتی ئێستادا له هه‌مو ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، زیاتر دژایه‌تی ئیسرائیل ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب، به شێوه‌یه‌كی خراپ تێكچووه كه پێشتر تێكچوونی له‌و جۆره‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
رۆژنامه‌كه به‌راوردی نێوان نه‌رویج و به‌ریتانیای كردووه، ئه‌مه‌ی دواییان ره‌خنه‌ی له بڕیاره‌كه‌ی كه‌ریم خان داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی گرتووه.
دووشه‌ممه‌ی رابردوو، كه‌ریم خان له به‌یاننامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند داوای كردووه فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل و سێ له سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس ده‌ربكرێت.
كه‌ریم خان ده‌ڵێت بێ له‌به‌رچاوگرتن و گوێدانه هه‌ر ئامانجێكی سه‌ربازی كه ئیسرائیل ده‌یه‌وێت له غه‌ززه به‌ده‌ستیبێنێت، داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌و بڕوایه‌دایه، ئامرازه‌كانی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه: "واته مردن و كوشتنی به ئه‌نقه‌ست و برسییه‌تی و ناڕه‌حه‌تی زۆر و برینداربوونی ترسناكی جه‌سته‌ی هاوڵاتیان یان تێكچوونی ته‌ندروستی دانیشتوانی مه‌ده‌نی، كرده‌وه‌ی تاوانكاریین".
PM:09:57:23/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 6224
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت