سامانە سروشتییەکانی هەرێم هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر فرۆشتی غازی كۆرومۆر راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوزـ

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی فرۆشتنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، نابێت بەبێ رەزامەندیی حکومەت غاز بە هیچ لایەنێک بفرۆشرێت.

 دوێنێ سێشه‌مه‌ 21ی ئایاری 2024، ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگه‌یاندبوو "دانوستاندنی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال کردووە بۆ هاوردەکردنی غاز بۆ وێستگەی گازیی کارەبای کەرکوک، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی غازی کێڵگەی کۆرومۆر گەیشتووەتە کێڵگەی جەمبور"، عه‌بادی وتبوی: "ئەوە ئاسانکارییە بۆ گەیشتنی گاز بە وێستگەی غازی کارەبای کەرکوک."

 هه‌ر دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر کڕینی غازی کۆرومۆر دەربڕی و وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵێت، لە هەنگاوی یەکەمدا رۆژانە " 100 مەقمەق غاز- هەر مەقمەقێک دەکاتە یەک ملیۆن پێ سێجا" لە کۆرومۆر هاوردە دەکەن و ده‌ڵێت: "بەبێ رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال واژۆ ناکرێت."

له‌سه‌ر ئه‌و ره‌زامه‌ندییه‌ی به‌غداش، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئایاری 2024، لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە، "بەرهەمی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە غاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا، بۆیە هەر بڕە غازێک کە بەرهەم بێت، نابێت بەبێ رەزامەندیی حکومەتی هەرێم بە هیچ لایەنێک بفروشرێت."
  
لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی 2007، گرنگیی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر درا، هەردوو کۆمپانیای ئیماراتی "دانە گاز" و "نەوتیی هیلال" گرێبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەیان واژۆ کرد.
رووبەری کێڵگەی کۆرومۆر نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازە لە عێراق و یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.

غازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.


PM:02:33:22/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت