ته‌لار له‌تیف: لە داهاتوودا دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت


وێستگه‌ نیوزـ

لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم به‌ "كاربه‌رێكه‌ر" ناوده‌بات و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ داهاتوودا پۆستی سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكومەت بۆ حزبه‌كه‌ی بێت.

له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كەناڵ8، تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی له‌ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كرد وتی: "بەدڵنیاییەوە وەكو یەكێتی كورسی زۆر دەهێنین لە هەڵبژاردن، ئەوەش ترسی لەلای لایەنێكی سیاسی دروستكردووە، هەروەها لە داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاخود سەرۆكی حكومەت و چەند دەسەڵاتێكی دیكە، دەبێت بۆ یەكێتی بێت".

لەبارەی بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان ئاماژەی بەوەكرد، تانە لە بڕیاری گەڕاندنەوەی پێنج كورسی بۆ كۆتاكان دەدەن، چونكە لە دەسەڵاتی ئەو دەستەیە نییە كورسی كۆتاكان بگەڕێنێتەوە، هەڵەبجەش بێبەشكراوە لە كورسی بۆ كۆتاكان.

وتیشی:"وەرگرتنی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان یاسایی نەبوو، دەبوایە هەر لەسەرەتاوە رەتبكرێتەوە".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ماڵپه‌ری فه‌رمیی یه‌كێتی له‌زاری تەلار لەتیف بڵاویكرده‌وه‌:" بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بڕگەی نایاسایی تێدایە و تانەمان لەبڕیارەکە داوە"و داواشیكرد بازنەی هەڵەبجە لە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بێبەش نەکرێت.

لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی ده‌ڵێت:" دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافە رەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش یەکێتی پشتیوانیان دەبێت".


PM:01:57:22/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت