بێگەرد تاڵەبانی: نەخۆشکەوتن و مرداربونەوەی نەورەسەکان هیچ کاریگەریی لەسەر بڵاوبونەوەی نەخۆشی نەبووە


وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکان هیچ کاریگەریی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نەبووە و خەریکە دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکرێت، وەزیری تەندروستیش باسی لە تای خوێنبەربون کرد و وتی: "ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا هەیە و یەکەمین حاڵەتیش لە هەرێمی کوردستان دوێنێ دەستنیشان کرا.

لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش كه‌ ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی سازیكرد، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ڕایگەیاند، ڕۆژانە ڕاپۆرتەکانی ڤێتەرنەریمان پێ دەگات کە دۆخەکە بەرەو کۆنترۆڵکردنە و نزیکە ژیان لە دوورگەی نەورەسەکان ئاسایی ببێتەوە.

وتیشی: خۆشبەختانە نەخۆشکەوتن و مرداربوونەوەی نەورەسەکان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نەبووە لە سەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو پەلەوەرەکانی دەڤەرەکە.

لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیش، بێگەرد تاڵەبانی وتی: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکارە تەکنیکییەکانی دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری سەرپەرشتیی راستەوخۆی لێژنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکانی ڤێتەرنەری دەکات لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرمانڕێژکردنی ئەو شوێنانەی ئاژەڵانی تێدا بەخێو دەکرێت.

هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا،  د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، وتی: بەرنامەیەکی گرنگمان هەیە، کە بەرنامەکە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گواستراوەکانە. ئەو بەرنامەیە ڕۆژانە وەکو ڕۆتین کاری لەسەر دەکرێت و هاوشێوەی هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا، ئامادەکاریی دەکەین بۆ خۆ پارێزیی و کۆنترۆڵکردنیی نەخۆشییە گوازراوەکان، پێش سەرهەڵدان و پەیدابوونی نەخۆشییەکە. کۆنترۆڵکردنەکەی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی پێویستە زوو کۆنترۆڵ بکرێت".

وه‌زیری ته‌ندروستی رونكردنه‌وه‌ی زیاتری دا وتی: لەسەرەتای هاوین و گۆڕانی کەشوهەوا، کە هەموو جیهان لە گۆڕانی کەشواهەوادایە، نەخۆشی سکچوون، نەخۆشی کۆلێرا کە جۆرێکە لە سکچوونیی توند، تای خوێنبەربوون، کە ئەمەیان بۆ ئێمە جێگەی مەترسییە و بایەخی زۆری پێ دەدرێت، چونکە ڕێژەی مردن و پەککەوتن زۆر زۆرە.

سه‌باره‌ت به‌ تای خوێنبه‌ربون، وه‌زیری ته‌ندروستی رایگه‌یاند: "ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا هەیە و یەکەمین حاڵەتیش لە هەرێمی کوردستان دوێنێ دەستنیشان کرا، لە عێراقیش 50 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون هەیە کە 8ـییان مردوون، لە کوردستان دوو حاڵەت  تۆمارکراون و یەکێکیان مردووە".


PM:12:13:22/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت