كه‌ریم خان كێیه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات ناتانیاهۆ و سنوار ده‌ستگیر بكات؟

‌كه‌ریم ئه‌حمه‌د خان

وێستگه‌نیوز-
داواكاری گشتی له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵده‌دات به‌هۆی‌ كاره‌كانیانه‌وه‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ ده‌ربكات.


رۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2024، كه‌ریم خان داواكاری گشتی له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، رایگه‌یاند هه‌وڵده‌دات فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌ربكات، له‌وانه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌هۆی‌ ئه‌و كارانه‌ی له‌ میانه‌ی شه‌ڕی‌ غه‌ززه‌ كه‌ حه‌وت مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌نجامیان داوه‌.

خان ده‌ڵێت له‌و بڕوایه‌دایه‌ ناتانیاهۆ و یوئاڤ گالاند وه‌زیری به‌رگری و سێ له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس كه‌ بریتین له‌ یه‌حیا سنوار و محه‌مه‌د زه‌یف و ئیسماعیل هه‌نیه‌، له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و ئیسرائیل، به‌رپرسن له‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.
كه‌ریم ئه‌حمه‌د خان كێیه‌؟

ساڵی 1970 له‌ شاری ئه‌دنبره‌ی سكۆتله‌ند له‌دایكبووه‌.

*پارێزه‌رێكی به‌ریتانییه‌، پسپۆره‌ له‌ یاسای تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسای نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ یاسا له‌ كۆلێژی گینگ له‌ له‌نده‌ن به‌ده‌ستهێناوه‌.

*ماوه‌یه‌ك پۆستی یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و پۆستی راوێژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌، بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌و تاوانانه‌ی رێكخراوی داعش له‌ عێراق ئه‌نجامی دابوون.

*له‌ نێوان ساڵانی 1993 و 1996، له‌ ده‌زگای داواكاری گشتی تاجی شاهانه‌ی ئینگلته‌ره‌ و وێلز، پۆستی داواكاری گشتی تاجی شاهانه‌ی وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها ساڵی 1995پۆستی گه‌وره‌ داواكاری گشتی تاجی شاهانه‌ی وه‌رگرتووه‌.

*له‌ نێوان ساڵانی 1997 و 1988، له‌ یۆگسلافیای پێشوو، وه‌ك به‌رپرسێكی یاسایی، له‌ نووسینگه‌ی گشتی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستبه‌كار بووه‌.

*تا ساڵی 2000، وه‌ك راوێژكاری یاسایی له‌ نووسینگه‌ی گشتی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ رواندا كاریكردووه‌.

*له‌ نێوان ساڵانی 2006 و 2007، پۆستی گه‌وره‌ راوێژكاری به‌رگری له‌ سه‌رۆكی پێشووی لیبریا چارلز تیلۆر، له‌به‌رده‌م دادگای تایبه‌ت به‌ سیرالیۆن، وه‌رگرتووه‌.

*له‌ مانگی شوباتی ساڵی 2021، له‌ گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگداندا، به‌ سه‌رۆكی داواكاری گشتی له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ماوه‌ی نۆ ساڵ هه‌ڵبژێردرا.

*كه‌ریم خان له‌ ماوه‌ی كاروانی ژیانیدا، به‌هۆی به‌رگریكردنی له‌ ویلیام رۆتۆ، جێگری سه‌رۆكی كینیا كه‌ له‌ ساڵی 2007 تۆمه‌تبار بوو به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ كینیا، ره‌خنه‌ی تووندی لێگیراوه‌.

*له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سێیه‌م داواكاری گشتی داده‌نرێت، هه‌روه‌ها به‌ یه‌كه‌م داواكاری گشتی داده‌نرێت كه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌نگدانی نهێنییه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت.


PM:11:37:21/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت