سێ گریمانه‌ بۆ گیان له‌ده‌ستدانی ره‌ئیسی: هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی، ته‌م و مژ، یان رووداوێكی پلان بۆ دارێژراو


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2024، حكومه‌‌تی ئێران، دوای كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی له‌ پارێزگای ئازربایجان له‌ باكوری خۆرئاوای وڵات، گیانله‌ده‌ستدانی سه‌رۆك ئیبراهیم ره‌ئیسی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندابوون راگه‌یاند.

له‌ ئێستادا قسه‌ له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی ئه‌و رووداوه‌ ده‌كرێت، هه‌ندێك له‌ تیۆره‌كان باس له‌ ئه‌گه‌ری تێوه‌گلانی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئیسرائیل لای خۆیه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌رپرسێكی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "ئیسرائیل په‌یوه‌ندی به‌ گیانله‌ده‌ستدانی سه‌رۆكی ئێرانه‌وه‌ نییه‌".
ئه‌و به‌رپرسه‌ ئیسرائیلییه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت ده‌ڵێت: "ئێمه‌نه‌بووین".

ژماره‌یه‌ك له‌ شرۆڤه‌كار، له‌ لێدوانی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ خۆی كێشابێت به‌ یه‌كێك له‌ شاخه‌كانی ناوچه‌ی ته‌ورێز، به‌هۆی بوونی ته‌مێكی چڕ و خراپی كه‌شوهه‌واوه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌ به‌راییه‌كانی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌، ده‌ریخستووه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ ته‌واوه‌تی سووتاوه‌.

له‌پاڵ خراپی كه‌ش و هه‌وا، هه‌ندێك شرۆڤه‌كاری دیكه‌، پێیانوایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ كه‌مته‌رخه‌می و پشتگوێخستنی كاروباری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ تایبه‌ت كه‌رتی فڕۆكه‌وانی ئێران، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردوودا، چه‌ندین رووداوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌وانه‌ لادانی فڕۆكه‌كان له‌و رێڕه‌وه‌ی بۆیان دیاریكراوه‌، له‌ كاتی نیشتنه‌وه‌یان یان هه‌ستانیان. یاخود كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئاگر له‌ بزووێنه‌ره‌كانیان ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌یان خۆیان به‌ زنجیره‌ شاخی زاگرۆزدا كێشاوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌ندێك ناوه‌ندی ئێرانی، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سزا سه‌پێنراوه‌كانی ئه‌مریكا، به‌سه‌ر كه‌رتی فڕۆكه‌وانی ئێراندا، فاكته‌ری سه‌ره‌كییه‌ له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه‌.

له‌پاڵ ئه‌و سێ گریمانه‌یه‌دا، خاتوو هودا ره‌ووف لێكۆڵه‌ری بواری كاروباری ئێران، پێیوایه‌ حكومه‌تی ئێران، سه‌باره‌ت به‌ سیناریۆكانی رووداوه‌كه‌، هیچ ورده‌كارییه‌ك ناخاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ دروستبوونی په‌شێوی ناوخۆ.

ئه‌و خانمه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌رپرسانی ئێران، ده‌توانن بگه‌ن به‌ ورده‌كارییه‌كان، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن دیمه‌نه‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌ی وڵات رێكبخرێت. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد گێڕانه‌وه‌كانی به‌رپرسانی ئێران بۆ رووداوكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ناكۆكن، ئه‌مه‌شی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر لایه‌ك گه‌ڕانده‌وه‌ و پێیوایه‌ راگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ دواكه‌وتووه‌، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ناوخۆوه‌ شتێكی بۆ رێكبخه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس محه‌ممه‌د شابارو، له‌و بڕوایه‌دایه‌ لێدانێكی به‌هێز به‌ر وێنه‌ی ئیران كه‌وتووه‌، چونكه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌هۆی بارودۆخێكی لابه‌لای كه‌ش و هه‌وا له‌ ناو سنوری وڵاته‌كه‌ی، پارێزگاری له‌ سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی بكات.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌ راستی هۆكاری مردنی سه‌رۆك بارودۆخی كه‌ش و هه‌وا بێت، ئه‌وه‌ شوێنی گومانه‌. چونكه‌ تاران به‌وه‌ ناسراوه‌ له‌ رووی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ پێشكه‌وتووه‌، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ئێران له‌م بواره‌دا، یارمه‌تی روسیا و گروپه‌ لایه‌نگره‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌دات.

یوسف ئه‌لده‌عجه‌ كاپتنی فڕۆكه‌وان، پێیوایه‌ بوونی ته‌م و مژ و هه‌ور و به‌رزی و نزمی، كاریگه‌ری ناكاته‌ سه‌ر رێڕه‌وی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی. چونكه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ به‌ جۆرێك ئاماده‌كراوه‌ بۆ نیشتنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌كاتی تێكچوونی بزوێنه‌ره‌كانیشیدا، توانای نیشتنه‌وه‌ی هه‌یه‌.
ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ جه‌خت له‌ بوونی سیناریۆیه‌كی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌ بابه‌تی بارودۆخی كه‌ش و هه‌وا. ئاخر ئه‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌ ساڵی 1992 دروستكراوه‌ و ئه‌مریكییه‌، دوو بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان له‌كار كه‌وت، ئه‌وی دیكه‌یان ئیش ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان له‌كاركه‌وتن، هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی خۆ به‌خۆ به‌ ده‌وری خۆیدا ده‌سوڕێته‌وه‌ و ده‌توانێت به‌ سه‌لامه‌تی بنیشێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌كه‌ شفره‌كانی خۆی له‌ده‌ستبدات، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ خێراییه‌كی گه‌وره‌ و به‌ هێزێكی زۆر، خۆی ده‌كێشێت به‌ زه‌ویدا و هیچ كه‌سێك به‌ سه‌لامه‌تی رزگاری نابێت. ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یان سه‌لماند، ئه‌وا سیناریۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌كه‌ی راست ده‌رده‌چێت.


PM:09:15:20/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 3752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو