كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق راگه‌یه‌ندرا و بڕگه‌ی‌ "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك"ی‌ تێدا نییه‌.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی‌ ئایاری‌ 2024، فه‌رمانگه‌ی‌ میدیایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی بۆ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی نووسراوه‌كه‌، كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ "شه‌ش بڕگه‌، له‌نێوان ده‌نگدان و خوێندنه‌وه‌ی ره‌شنووسی یاساكان” پێكهاتووه‌ و بڕگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ نوێی‌ په‌رله‌مانی‌ تێدا نییه‌.

رۆژی‌ شه‌ممه‌ 18ی‌ ئایاری‌ 2024، دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و له‌ بڕگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێدا ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامدرا و له‌سه‌ره‌تادا ناوی‌ كاندیدان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ "سالم عیساوی، ته‌ڵال ئه‌لزه‌وبه‌عی، عامر عه‌بدولجه‌بار و مه‌حمود مه‌شهه‌دانی".

دوای ئه‌وه‌ی هیچكام له‌ كاندیدكان ده‌نگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م به‌ده‌ست نه‌هێنا، پرۆسه‌كه‌ چووه‌ گه‌ڕی دووه‌م و كێبڕكێكه‌ له‌ نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و سالم عیساوی مایه‌وه‌، له‌ گه‌ڕی دووه‌میش له‌ كۆی 329 په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بوو، 311 په‌رله‌مانتار ده‌نگی دا و دوای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش، هیچ كام له‌و كاندیدانه‌ ده‌نگی پێویستیان به‌ ده‌ست نه‌هێنا و پرۆسه‌كه‌ كه‌وته‌ گه‌ڕی سێیه‌م و دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

له‌ گه‌ڕی دوومدا عیساوی 158 ده‌نگ و مه‌شهه‌دانی 137 ده‌نگ و عامر عه‌بدولجه‌بار 3 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و ته‌لاڵ زه‌وبه‌عی هیچ ده‌نگێكی به‌ده‌ست نه‌هێنا و 13 ده‌نگی پوچه‌ڵیش هه‌بوون.

له‌ 14ی تشرینی‌ دووه‌می ساڵی‌ 2023، دادگه‌ی‌ باڵای‌ فیدراڵیی عێراق به‌ بڕیارێك متمانه‌ی ئه‌ندامیێتیی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقی وه‌رگرته‌وه‌ و له‌وكاته‌وه‌ په‌رله‌مانی عێراق بێ سه‌رۆكه‌.




PM:03:13:20/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت