ته‌قه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی سلۆڤاكیا كرا و بریندار كرا


وێستگه‌نیوز-

له‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌، ته‌قه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی سلۆڤاكیا كرا و به‌هۆیه‌وه‌ بریندار بوو بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كرا.

میدیاكانی‌ سلۆڤاكیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ شارۆچكه‌ی (هاندلۆڤا) له‌ دوری نزیكه‌ی 150 كیلۆمه‌تر له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ و له‌دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ حكومه‌ت ته‌قه‌ له‌ (رۆبه‌رت فیكۆ) سه‌رۆك وه‌زیرانی سلۆڤاكیا كرا و بریندار كرا.

كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی (TA3) رایگه‌یاند كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ گومانلێكراوی رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ (رۆبه‌رت فیكۆ)ی‌ ته‌مه‌ن 59 ساڵ‌ چوار فیشه‌ك به‌ر سكی‌ كه‌وتووه‌.

روداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ كاتێك رویداوه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ بینینی لایه‌نگرانی چوه‌ته‌ به‌رده‌م خانه‌ی رۆشنبیری شارۆچكه‌كه‌، بۆیه‌ ئێستا پۆلیس ئه‌م ناوچه‌ی به‌ڕووی هاتوچۆی خه‌ڵكدا داخستووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ زوزانا كاپۆتۆڤا سه‌رۆك كۆماری‌ سلۆڤاكیا ئیدانه‌ی هێرشه‌ "دڕندانه‌"كه‌ی بۆ سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی كرد و وتی: "تووشی شۆك بووم، هیوادارم ڕۆبه‌رت فیكۆ له‌م ساته‌ گرنگه‌دا هێزێكی زۆری هه‌بێت و به‌ خێرایی چاك بێته‌وه‌".


بۆ بینینی‌ ڤیدیۆ كلیك لێره‌ بكه‌:


PM:05:15:15/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت