مه‌سرور بارزانی: داوامان لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت


وێستگه‌ نیوزـ

لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆبونه‌وه‌.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی سه‌ربه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌ كه‌ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی په‌رله‌مانی عێراق کورتەیەکیان دەربارەی کارو پڕۆژە و ئامانجی سەردانەکەیان خستوه‌تەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش لە پێناو هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک بۆ خزمەتکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌ك فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ده‌ڵێت، مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت به‌ لیژنه‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌: خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌كه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت وتویه‌تی: "داوامان لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کە ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە."

ئاماده‌یشی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ "هەرچیان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەیکەن و کەمتەرخەمی ناکەن."


PM:04:03:06/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت