یەکەم لێدوانی سینوار و گرنگترین مەرجی حەماس بۆ ئاگربەست

‌یەحیا سینوار

وێستگه‌نیوزـ

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەزاری نێوەندگیرە عەرەبەکانەوە، یەکەم لێدوانی یەحیا سینوار، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماسی لە غەززە، سەبارەت بە رێککەوتنی پێشنیاز کراو بۆ ئاگربەست بڵاوکردەوە.


بەپێی رۆژنامەکە، سینوار تا ئێستا ئەم گرێبەستە پێشنیازکراوەی بە نزیکترین گرێبەست لە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە زانیوە، سەرەڕای بوونی هەندێک رەخنە.  

بەڵام لەهەمان کاتدا ئێوارەی رۆژی شەممە 4ی ئایاری 2024، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان بەهیچ جۆرێک بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەدا رازینابێت، تا بە ئاشکرا مەرجی وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە بەتەواوی نەیەتەدی.

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "سکای نیوز" دا هاتووە، بەرپرسەکەی حەماس کە رازی نەبووە ناوی بهێنرێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتباردەکات کە لەبەر هۆکاری شەخسی، بەتایبەت رێگە لە هەوڵەکانی رێککەوتنی  ئاگربەست دەگرێت.

هەروەها راشیگەیاند، حەماس داوایکردووە رێککەوتنەکە دەقێکی روون لەخۆبگرێت، و تیایدا ئاماژە بە ئاگربەستێکی تەواو هەمیشەیی بدرێت، بەڵام ئیسرائیل تائێستا ئەم خاڵە رەتدەکاتەوە.

سەبارەت بە لێدوانەکانی ئیسرائیلیش بۆ داگیرکردنی رەفەح وتی، "ئەنجامدانی لەشکرکێشی لە رەفەح هەروا ئاسان نابێت و ئیسرائیل باجەکەی بە قورسی دەدات".

لە ئێستاشدا چارەنووسی رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە غەززە، پەیوەستە بە داواکارییەکانی حەماسەوە، کە بەدوای رێگایەکدا دەگەرێت تا بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامبوونی هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆ نەهێشتنی حەماس.


PM:12:07:05/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو