ئه‌مریكا نیو ملیۆن دۆلار بۆ ده‌زگای مین دابین ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

ده‌زگای گشتی كاروباری مین له‌ هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئۆفیسی WRA كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌ بڕی نیو ملیۆن دۆلار بۆ ده‌زگاكه‌یان دابین كرا.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ده‌زگای گشتی كاروباری مین له‌ هه‌رێم، تیایدا هاتووه‌: شاندێکی باڵای دەزگای مین لە وڵاتی سویسرا بە سەرۆکایەتى جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لەگەڵ خاتوو(ناتالی وەزیر) بەرپرسی ئۆفیسی(WRA) کە تایبەتە بە کەمکردنەوە و لابردنی چەکی سەر بەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە کۆبوونەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین وتوویه‌تی، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی(WRA) ئەرێنی بوو، تاوتوێی گیروگرفتەکانی کاروباری مین لە عێراق و کوردستان و چەند پرسێکی تری کاروباری مینمان لەگەڵ باسکردن، لە ئەنجمادا تواندرا بەڵێنی ئەوەیان لێوەربگرین کە بڕی نیوملیۆن دۆلار بۆ تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی (ITF) دەبین بکرێت".

جەبار مستەفا، سه‌رۆكی ده‌زگای كاروباری مین ئەوەشی راگەیاندووه‌، "بەهۆی ئەوەی گرفتی سەرەکی دەزگای گشتی کاروباری مین نەبوونی ئۆتۆمبێل بووە بۆ تیمەکانی مینلابەری دەیان تیم رۆژانە نەتواندراوە بگەنە سەر کێڵگە مینەکان ئەمەش کاری کردبووە سەر کەمکردنەوەی رووبەری پیسبووی خاکی چێنراو بە مین و تەقەمەنی لەڕێگەی ئەو بڕە هاوکارییەوە دەتوانین ئۆتۆمبێل بەکرێ بگرین بۆ تیمەکانی مینلابەری لە سەرجەم هەرێمی کوردستان".
 


PM:12:26:02/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت