مه‌سعود بارزانی: بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تی پاتریاكی كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئاشووی رایگه‌یاند، بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی نیسانی 2024، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لەجیهان  و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) كرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، لەدیدارەكەدا پاتریاك مارئاوای سێیەم، "پێزانینی بۆ رۆڵی مه‌سعود بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی بارزانی كرد بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر كە ئاماژەیەكی روونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی".

ده‌شڵێت: "هەروەها سوپاسی بارزانیشی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵی بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و رایگەیاند كە هەڵوێستی بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق".

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌، مه‌سعود بارزانی ئاماژەی بە بڕیاری "نادەستووریی نەهێشتنی كۆتاكان" دا و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بە بێ راستكردنەوەی ئەو "هەڵەیە" و "بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان".


PM:03:57:25/04/2024








ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت