محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: ئەو پێشوازیەی لە به‌غدا له‌ ئەردۆغان کرا، مانای لاوازی بوو


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق رایگه‌یاند، پێشوازیكردن له‌ ئه‌ردۆغان به‌وجۆره‌ی كه‌ له‌ به‌غدا لێی كرا، مانای لاوازی بوو، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ی ناوبراو باس له‌ شێوازی پێشوازیكردنه‌كه‌ی له‌ هه‌رێم بكات.

لە میانی بەشداریکردن لە پرسەی عەلی شامار، فەرماندەی دێرینی یەکێتی، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامه‌نوسانی وت:" عەلی شامار تێکۆشەرێکی دێرین و پیاوێکی قارەمان بوو، سێ ساڵ پێکەوە لە یەک سەنگەردا بووین".

لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆ‌غان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ئەگەر وڵاتێک، وڵاتێکی دیکەی داگیرکردبوو، ئەوا لەگەڵی دانانیشێت تا خاکەکەی چۆڵ نەکات، له‌كاتێكدا توركیا لە سنووری خۆی و ئێرانه‌وه‌ تا دەشتی نەینەوای داگیرکردووە، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش ناوبراو پرسیاری كرد و وتی: "بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێکرا؟".

محەمەدی حاجی مەحمود وتیشی، ئەو پێشوازیەی لە ئەردۆغان کرا لە بەغدا، مانای نه‌بوونی سه‌روه‌ری و لاوازی بوو، به‌ڵام ناوبراو باسی له‌ شێوازی پێشوازیكردنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كرد.


PM:08:36:23/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 3080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت