حزبوڵای عێراق: ئۆپراسیۆنه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستپێ نه‌كردوه‌ته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

دوای سێ مانگ هێمنی، ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 22ی نیسانی 2024، كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقی رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵاتدا ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دواتر له‌ رێگه‌ی ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كه‌ی دیكه‌، ره‌تیكرده‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ ئه‌مریكا ده‌ستپێكردبێته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌ی یه‌كه‌مدا كه‌ له‌ پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تێلیگرام بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌، ده‌رفه‌تدراوه‌ به‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، تاكو دانوستان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكات و خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان دابنرێت و كاتێكیش دیاریكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دژ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا: "دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سودانی بۆ ئه‌مریكا، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێكی جدیی بۆ ده‌ركردنیان به‌ده‌ستنه‌هاتبێت".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه دوای كۆتایی هاتنی سه‌ردانه‌كه‌ و ئاشكرابوونی ئه‌وه‌ی: "هیچ نییه‌تێكی بیانی نییه‌ بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ عێراق، بۆیه‌ مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی بریاریدا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاری سه‌ربازی، ئه‌وه‌ی كه‌مه‌كێك پێش ئێستا روویدا، سه‌ره‌تایه‌كه‌ كه‌ پێویسته‌ بمێنێته‌وه‌ و په‌ره‌ی پێبدرێت".

كه‌چی دواتر، كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ركرد و تێیدا رایگه‌یاند هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌مریكا ده‌ستپێنه‌كرووه‌ته‌وه‌.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئاسایشی عێراق، ده‌ڵێت ده‌ستیانكردووه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌ڕان و پشكنینی به‌رفراوان، به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ دوێنێ ئێواره‌ی یه‌ك شه‌ممه‌، بنكه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییان، له‌ قووڵایی سوریا، به‌ ژماره‌یه‌ك موشه‌ك بۆردومان كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، باس له‌وه‌ ده‌كات هێزه‌كانیان له‌ خۆرئاوای پارێزگای موسڵ و نزیك به‌ سنوری سوریا: "ئه‌و ئۆتۆمۆبێله‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ موشه‌كه‌كانی لێوه‌ ته‌قێنراوه‌ و ئۆتۆمۆبێله‌كه‌یان سووتاندووه‌ و تا ئێستاش پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌كه بۆ ده‌ستگیركردنی بكه‌ره‌كان‌ به‌رده‌وامه‌". به‌ڵام ئه‌و بنكه‌یه‌ی ده‌ستنیشان نه‌كرد كه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج.

رۆژی 8ی شوباتی 2024، یه‌حیا ره‌سوڵ، نوێنه‌ری فه‌رمی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، رایگه‌یاند هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی واشنتۆن، فاكته‌ری ناسه‌قامگیرین له‌ وڵاته‌كه‌دا.


PM:06:27:22/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو