د.له‌تیف ره‌شید بۆ ئه‌ردۆغان: پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ریی خاكی عێراق بگیرێت


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، سەرۆک کۆماری عێراق د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگه‌یاندوه‌، بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەین خاکی‌ عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێنرێت و به‌زاندنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراقیشی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌و رێزگرتنی سه‌روه‌ریی خاكیشی به‌ پێویست زانیوه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان د.له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیای بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوولا گفتوگۆی قووڵیان له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی جیاجیا كردوه‌ له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ دۆسیه‌ی ئاو پاشان بواره‌كانی سیاسی و ئابوری و بازرگانیی نێوان هه‌ردوو وڵات و بواری وه‌به‌رهێنان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان، هاوكات دۆسیه‌ی ئه‌منی و ئاسایشی سنور و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی جێی بایه‌خی نێوان هه‌ردوولا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ د.له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌رۆكایه‌تیی شاندی باڵای عێراقی و ئه‌ردۆغانیش سه‌رۆكایه‌تیی شاندی باڵای وڵاته‌كه‌ی كردوه‌.

بۆ پرسی ئاو، سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌هۆی كه‌م به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات، عێراق تووشی قه‌یران بووه‌و به‌پێویستی زانیووه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و عێراق پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆی له‌ ئاو پێ بدرێت، داواشیكردوه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی یه‌كتر له‌ بواری ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئاو و بنیادنانی به‌نداو وه‌ربگیرێت و هه‌ماهه‌نگی و وتوێژ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ ئاوییانه‌ بكرێت كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فوراته‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆك كۆماری عێراق داوای چالاككردنه‌وه‌ی لینژه‌ هاوبه‌شه‌كان و رێككه‌وتن و یاداشته‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیش كردوه‌و پرۆشیی عێراقیشی بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی رێگای په‌ره‌پێدان ده‌ربڕیووه‌ كه‌ كه‌نداوی عه‌ره‌ب له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ به‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
بۆ بواری ئه‌منیش، د.له‌تیف ره‌شید له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی هه‌ماهه‌نگی كردوه‌ته‌وه‌ بۆ بنبركردنی تیرۆر و رایگه‌یاندوه‌: عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌  ببێته‌ شوێنی هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، هاوكات پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی خۆشی ره‌تده‌كاته‌وه‌و به‌پێویستی زانیووه‌ رێز له‌ سه‌روه‌ریی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق بگیرێت.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ری غه‌ززه‌ش سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌پێویستی زانیوه‌ ئه‌و شه‌ره‌ رابگیرێت و پشتیوانی له‌ گه‌لی فه‌له‌ستین بكرێت تا ته‌واوی ئه‌و مافه‌ ره‌وایانه‌ی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن كه‌ كایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌رعییه‌تی پێداوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراقدا باس له‌ وته‌كانی سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كراوه‌و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان خۆشحاڵیی خۆی بۆ سه‌ردانكردنی عێراق ده‌ربریوه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا كردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ عێراق ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانییه‌ به‌لای وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ و پرۆژه‌ی رێگه‌ی په‌ره‌پێدانی به‌ گرنگ زانیوه‌ و ئه‌وه‌ی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا پشتیوانی له‌ عێراق ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیش، سه‌رۆك كۆماری توركیا وتویه‌تی: توركیا شانبه‌شانی عێراق له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاڵنگاریی ئه‌منی و ئابوری و ژینگه‌یی ده‌وه‌ستێته‌وه‌، تێگه‌یشتنی خۆشی بۆ داخوازییه‌كانی عێراق له‌ بواری ئاو ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ده‌بێت لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بكه‌ن.


PM:02:56:22/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت