نێچیرڤان بارزانی: دهبێت لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كهیسهكانى رۆژنامەوانی بکەن
نێچیرڤان بارزانی
وێستگهنیوزـ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 126ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی رۆژنامەنووسان دەکات و رایدهگهیهنێت، دەبێت لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهیسێكى بوارى رۆژنامەوانیدا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "پشتیوانیی تەواوم بۆ رۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە".
داواشی لە رۆژنامەنووسان کرد پابەندی یاسای کاری رۆژنامەگەری و ئیتیکی رۆژنامەوانی بن له راستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر، ''ههروهها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریى سیاسی و پارێزهرى بهرژهوهندیى باڵاى گهل و نیشتمان بن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی رێكخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت. دووپاتیشی دەکاتەوە، "دەبێ لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهیسێكى بوارى رۆژنامەوانیدا بکەن".
دەقی پەیامەکە:
126 مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (٢٦)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، بهگەرمى لە تهواوى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا داكۆكى له زهمینه و ژینگهى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دهكهمهوه بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاریانه ڕۆڵی پیشەییی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا.
لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان دهكهم پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته و زمانی زبر، ههروهها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریى سیاسی و پارێزهرى بهرژهوهندیى باڵاى گهل و نیشتمان بن.
هاوکات ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لایهنه پهیوهندیدارهكان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كهیسێكى بوارى ڕۆژنامەوانیدا بکەن.
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامهگەریی كوردستان تەرخان كرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
22ی نیسانی 2024
AM:09:54:22/04/2024
ئهم بابهته 600
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت