نیویۆرك تایمز: هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل سیسته‌می به‌رگریی ئێرانی له‌ نزیك نەتەنز تێكشكاند


وێستگه‌نیوز-

ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ رۆژئاوایی و ئێرانی‌ رایانگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ دوێنێی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران سیسته‌می به‌رگریی كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ نزیك نەتەنز تێكشكاند.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی‌ نیسانی‌ 2024، رۆژنامه‌ی‌- نیویۆرك تایمزی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ زاری دوو به‌رپرسی رۆژئاوایی و دووانی ئێرانییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "هێرشه‌كه‌ی هه‌ینیی ئیسرائیل سیسته‌می به‌رگریی ئێرانی له‌ نزیك نەتەنز تێكشكاندووه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ و تێكشكاندنی ته‌نی ئاسمانی".

ئه‌و به‌رپرسه‌ رۆژئاوایی و ئێرانییانه‌ ده‌ڵێن: "ئه‌وه‌ش په‌یامێك بووه‌ بۆ ئێران كه‌ ده‌توانێت سیسته‌می به‌رگریی وڵاته‌كه‌ تێپه‌ڕێنن و په‌كی بخات!".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ رایگه‌یاند كه‌ سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی روسیا كه‌ ئێران خاوه‌ندارێتی ده‌كات، نه‌یتوانی‌ به‌رپه‌رچی‌ هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بداته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی فۆكس نیوزی ئه‌مریكی له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌ركه‌وت كه‌ سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی دروستكراوی روسیا كه‌ ئێران به‌كاریده‌هێنێت، له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران بێكاریگه‌ره‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی‌: "ئامانجی هێرشه‌كانی ڕۆژی هه‌ینی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بووه‌ له‌ پارێزگای ئیسفه‌هان".

ڕوونیشی كرده‌وه‌: "ئیسرائیلییه‌كان ئه‌و كاره‌یان كرد كه‌ مه‌به‌ستیان بوو بیكه‌ن و بۆردوومانی‌ بكه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاند كه‌ "ئامانجه‌كانی هێرشه‌كه‌، سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ئێرانی گرته‌وه‌ كه‌ بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی به‌كارهێنراون".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگه‌یاند كه‌ سوپای ئیسرائیل له‌ هێرشه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر ئێران، "مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان"ی به‌كارهێناوه‌.

ئێران خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ی مووشه‌كی S-300ه‌ كه‌ سیسته‌مێكی به‌رگری ئاسمانی مووشه‌كی دوور مه‌ودای دروستكراوی روسیایه‌ و له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌لماز ئینستریزی زانستییه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌.

سیسته‌مه‌كه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می‌ جیاوازی هه‌یه‌، كه‌ هه‌موویان له‌ جۆری S-300P په‌ره‌ی پێدراوه‌، سیسته‌مه‌كه‌ بۆ هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی روسیا بۆ راگرتنی فڕۆكه‌ و مووشه‌كی كروز دروستكراوه‌ و دواتر به‌رهه‌می‌ دیكه‌ بۆ ڕاگرتنی مووشه‌كی بالیستی په‌ره‌ی پێدراوه‌.


PM:02:32:20/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو