شانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ زانیاری‌ نوێ ده‌رباره‌ی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ سه‌ربازگه‌ی‌ كالسو بڵاوده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
شانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ته‌قینه‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ كالسو له‌ پارێزگای‌ بابل چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كوژراوه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ تریش برینداربوون.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی‌ نیسانی‌ 2024، شانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ورده‌كاری‌ رووداوه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ سه‌ربازی‌ كالسو له‌ پارێزگای‌ بابلی‌ خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "كاتژمێر (1)ی دوای نیوه‌شه‌وی شه‌وی ڕابردوو، ته‌قینه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناو (سه‌ربازگه‌ی‌ كالسو) له‌ باكووری پارێزگای بابل له‌سه‌ر هێڵی نێوده‌وڵه‌تی روویدا كه‌ باره‌گای سوپا و پۆلیس و هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌خۆده‌گرێت".

شانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ ده‌ڵێت: "به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی شه‌عبی‌ كوژرا و ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربوون".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ لیژنه‌یه‌كی ته‌كنیكی تایبه‌تمه‌ند له‌ به‌رگری شارستانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ زانینی هۆكاره‌كانی ته‌قینه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ ڕاپۆرتێكی فه‌رمانده‌یی به‌رگری ئاسمانی كراوه‌، كه‌ پشتڕاستیكردووه‌ته‌وه‌، پێش ته‌قینه‌وه‌كه‌ و له‌ كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا هیچ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان و شه‌ڕكه‌ر له‌ ئاسمانی بابلدا نه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای بابل به‌ ئاژانسی هه‌واڵی "ئه‌لعاله‌م ئه‌لعه‌ره‌بی" وتووه‌ كه‌ "كالسو” سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شه‌، "به‌و پێیه‌ی باره‌گای لیوا شه‌ڕكه‌ره‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، یه‌كه‌كانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی‌ پۆلیسی فیدراڵی له‌خۆده‌گرێت”.

پێشتر لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ پارێزگای بابل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بنكه‌یه‌ به‌ هێرشی مووشه‌كی كراوه‌ته‌ ئامانج نه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان.

به‌رپرسێكی سه‌ربازی له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌ده‌سی راگه‌یاندووه‌ كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هیچ چالاكییه‌كی ئاسمانییان له‌ بابلی عێراق نییه‌، هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقیش به‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ و ئه‌لحه‌داسی راگه‌یاندووه‌، كه‌ تا كۆتایی لێكۆڵینه‌وه‌كان ناتوانێت پشتڕاستی بكاته‌وه‌ كه‌ هێرشی مووشه‌كی كراوه‌ته‌سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌ یاخود نا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌رپرسێكی ئه‌مریكی به‌ ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ئینگلیزی وتووه‌ كه‌ "واشنتۆن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی شاری‌ بابلی عێراقه‌وه‌ نییه‌".
لای خۆیه‌وه‌ فه‌رمانده‌یی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "سێنتكۆم" رایگه‌یاند كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ئه‌مریكا له‌ عێراق هێرشی‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌.

سێنتكۆم له‌سه‌ر پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویه‌تی: "ئێمه‌ ئاگاداری زانیارین كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ هێرشی ئاسمانی له‌ عێراق ئه‌نجامداوه‌، ئه‌م زانیارییه‌ درۆیه‌".

هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌ی كالسۆ له‌ قه‌زای ئه‌لمه‌شروت له‌سه‌ر ڕێگای خێرای باكووری پارێزگای بابل، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باره‌گاكانی هێزه‌كانی حه‌شده‌ ڕوویداوه‌. ته‌قینه‌وه‌كه‌ زیانێكی زۆری ماددی لێكه‌وته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك برینداری لێكه‌وته‌وه‌.


PM:12:56:20/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو