نه‌رمین مه‌عروف: به‌غدا دوای وردبینی پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەنێرێت

‌نەرمین مەعرووف

وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی، پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەنێرێت، ''ئێستا چاوەڕوانی ناردنی لیستەکەن''.


نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی دەستپێکردنی پلەبەرزکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بودجەش پێیراگەیاندووە: ''ئەگەر لیستەکە ئامادە بکرێت و بنێردرێت، دوای پڕۆسەی وردبینی، بەغدا پارەی پلەبەرزکردنەوەش دەنێرێت''.
 
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جیا لە پلەبەرزکردنەوە، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
 
جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، کەمترین مووچەی خانەنشینی لە بەغدا زیاتر لە 500 هەزار دینارە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان کەمترە لە 200 هەزار دینار.
 
نەرمین مەعروف وتیشی: ''بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کاتی زیاتری پێویستە، چونکە رێکاری ئیداری و یاساییەکەی جیاوازە، هەروەها لەوبارەوە لەگەڵ بەغدا یاسامان جیاوازە." بۆ نموونە لێبڕینی خانەنشینی لە عێراق 10٪یە و  لە هەرێمی کوردستان 7٪ـە".
 
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، تێڕوانینی عێراق بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ''هەموو داهاتە نانەوتییەکانی دەوێت.'' ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان وێڕای رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت، دەبێ 50٪ـی داهاتە نانەوتییەکان بگەڕێنێتەوە بەغدا.
 
نەرمین مەعروف بۆ سایتی رووداو پێیوایە، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ دادگەی فیدراڵی، کە وردبینی لە یاساکەدا بکات، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پێیەوە پابەند بن.''
 
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم 618 ملیار دینار و بۆ مانگەکانی شوبات و ئاداریش 952 ملیار دیناری ناردووە.


PM:04:25:18/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت