بافڵ تاڵه‌بانی: دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هه‌ڵبژاردندا لێدانە لە خواستی خەڵكی كوردستان

‌بافڵ تاڵەبانی و کونسووڵی رووسیا لە هەرێم

وێستگه‌نیوزـ

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ ماکسیم روبین، کونسوڵی روسیا لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و دەیانەوێت ئەم پرۆسە دیموكراسییە ببێتە مایەی نوێبوونەوەی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكی بەهێز و تەندروست.


لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، بەگرنگییەوە هەڵسەنگاندن بۆ سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ روسیا و دیدار و كۆبوونەوەكانی كرا. هەروەها جەخت لە هەماهەنگیی زیاتر و گەشەپێدانی پەیوەندییەكان كرایەوە بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات.

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و جەخت لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دوور لە هەموو دەستتێوەردانێك كرایەوە و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵه‌بانی وتی: "یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و دەمانەوێت ئەم پرۆسە دیموكراسییە ببێتە مایەی نوێبوونەوەی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكی بەهێز و تەندروست".

راشیگەیاند:"دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پرۆسەكەدا، لێدانە لەخواستی خەڵكی كوردستان و نیشاندانی روویەكی نەخوازراوی هەرێمی كوردستانە لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، جگەلەوەی ناكرێت چیتر یاری بەچارەنووسی میللەتێك و بەها باڵاكانییەوە بكرێت".

لەدرێژەی دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەواندنەوەی ناكۆكییەكان گفتوگۆی لەبارەوەكرا و هەردوولا جەختییان لەبەردەوامیی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە.


PM:04:04:18/04/2024


















ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو