سه‌عیدی پیره‌: هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارا هەیە

‌سەعدی پیرە

وێستگه‌نیوزـ

کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، کۆتاییهات و لەکۆبوونەوەکەدا تەئکید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا کرایەوە، وتەبێژی یەکێتیش ده‌ڵێت، "هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارا هەیە".

پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەکۆبوونەوەکەدا تەئکید لە هەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەلبژاردن لەوادەی خۆیدا کرایەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشبکرێن".

وتیشی: "لەئێستادا ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەرێمی کوردستان، حکومەت و پەرلەمانێکی کارای هەبێت، کە توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەل حاڵەتە نەخوازراوەکاندا هەبێت، لەو روانگەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە".

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد: "نەک تەنها یەکێتی بەڵکو زۆربەی حزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێم داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشمان هەمان داوایان هەیە".

سەعدی پیرە راشیگەیاند: "حکومەت و پەرلەمانێکی کارا لەهەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و وڵاتان، هاوکات دەرگایەک بەڕووی چارەسەری کێشەکان و کەمکردنەوەی قەیرانەکان لەهەرێم دەکاتەوە، پێشمانوایە لەئێستادا هیچ رێگرییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە و ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت پرۆسەی دیموکراسی لەهەرێم لاوازدەبێت".


PM:03:08:18/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو