وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی: پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كاتی ده‌وێت

‌هونه‌ر جه‌مال

وێستگه‌نیوزـ

هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم رایگه‌یاند، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران پرۆسه‌یه‌كی ورده‌ و كاتی ده‌وێت.

هونه‌ر جه‌مال، له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: بابه‌تی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ورد و هونه‌رییه‌ كاتی ده‌وێت، ده‌بێت هه‌موو دۆسێی فه‌رمانبه‌ران دانه‌ دانه‌ی وردبینی بكرێت.

وتیشی: "ئێمه‌ نووسراومان كردووه‌ بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكان كه‌ ده‌ست به‌ وردبینیه‌كه‌ بكه‌ن، به‌شێكی زۆریان كاره‌كانیان كردووه‌ و به‌شێكی ماویانه‌".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، "هه‌ركاتێك ته‌واوی فه‌رمانگه‌و وه‌زاره‌ته‌كان لیستی مووچه‌یان به‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌وه‌ بۆ ناردین ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی ده‌كه‌ین".

ئه‌وه‌شی وه‌بیر هێنایه‌وه‌ كه‌ پرسی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌و پێیه‌ی بابه‌تی دارایی له‌سه‌ره‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و مافه‌ش بۆ فه‌رمانبه‌ران بگه‌ڕێننه‌وه‌.


PM:12:20:18/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت