فه‌رمانده‌یی كۆماندۆی‌ كوردستان كوشتنی‌ پێنج تیرۆریستی دا*ع*ش*ی راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی‌ هاوبه‌شی هێزی كۆماندۆی كوردستان و دژه‌تیرۆری عێراق و لیوای 16ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر حه‌شارگه‌ و مۆڵگه‌كانی دا*ع*ش له‌ سنووری قه‌زای كفری، پێنج تیرۆریستی دا*ع*ش كوژران، كه‌ دوو له‌ تیرۆریستان پله‌ی ئه‌میریان هه‌بووه‌.


فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پاش به‌ده‌ستهێنانی زانیاری وورد و دروست له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماندۆ له‌ جموجوڵی ژماره‌ك تیرۆریست و بوونی چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌و ناوچه‌یه‌، كاتژمێر6.00 ی سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی نیسانی 2024 فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان و دژه‌تیرۆری عیراق و لیوای 16ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئۆپراسیۆنێكیان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی تیرۆریستانی دا*ع*ش له‌ ناوچه‌ی تاوێركه‌وه‌ی سنووری قه‌زای كفری سه‌ر به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان ئه‌نجام دا".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "فرۆكه‌جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان و عیراق له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆردومانی چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی دا*ع*ش*یان كرد و له‌ زه‌مینیشه‌وه‌ هێزه‌كانی كۆماندۆ و لیوای 16ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و دژه‌تیرۆری عیراق له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر مۆڵگه‌ و حه‌شارگه‌كانی تیرۆریستان".

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆ ده‌ڵێت: "له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا، چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌ك له‌ناو برا و لاشه‌ی پێنج تیرۆریستیش كه‌وته‌ ده‌ست "كوڕانی كۆماندۆ"، كه‌ دوو له‌ تیرۆرستان پله‌ی ئه‌میریان هه‌بووه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ "هاوكات ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ماتۆرسكیلدا گیرا، هیچ زیانێكیش به‌ر هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ نه‌كه‌وت".

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆدا هاتووه‌ كه‌ "جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ خوێنمان هاوشێوه‌ی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ "ئاكام عومه‌ر" ده‌بینه‌ قه‌ڵغان و سپه‌ری پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان".



بۆ بینینی‌ ڤیدیۆ كلیك لێره‌ بكه‌:


PM:09:57:16/04/2024










ئه‌م بابه‌ته 972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت