"عێراقییه‌كان ترسیان له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ ئێران هه‌یه‌"


وێستگه‌نیوز-
دوای‌ ئه‌وه‌ له‌ چه‌ند شه‌وی‌ رابردوودا كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر موشه‌ك و فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وان هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، به‌رپرسانی‌ ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ترس و نیگه‌رانی‌ لای عێراقییه‌كان دروست كردووه‌.


شه‌وی شه‌ممه‌ 13-04-2024 ئێران سه‌دان موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئاڕاسته‌ی ئیسڕائیل كرد، ئه‌مه‌ش "جه‌نگه‌ سێبه‌رییه‌كه‌ی" ناو ناوچه‌كه‌ی گۆڕی بۆ ململانێیه‌كی ڕاسته‌وخۆ.

به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ VOA له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا گرژییه‌كان ماونه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكی ناو عێراق ده‌ڵێن له‌ مێژه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌می ململانێكانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ململانێكه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ره‌نگه‌ پشكی توندوتیژیی زیاتریان به‌ربكه‌وێت.

مازن محه‌مه‌د كه‌ باوكی دوو منداڵه‌ و له‌ ڕێكخراوێكی مافه‌كانی ژنان له‌ به‌غدا كارده‌كات، له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "زۆرێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ست به‌ ناپارێزراویی ده‌كه‌ن، پارێزراو نین و مه‌ترسییه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانییان. به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق وه‌كو یه‌كێك له‌ باڵه‌كانی ئێران داده‌ندرێت".

عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاته‌ كه‌مانه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی شیعه‌ن، هه‌روه‌ها ماڵی چه‌ندین گروپی چه‌كداریی شیعه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانه‌. به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسیی و ئایینی و نه‌ژادیشه‌وه‌ دابه‌ش بووه‌، نزیكه‌ی له‌ سه‌دا 45 ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ شیعه‌ نین.

زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق و هه‌ندێكی هه‌رێم به‌ ته‌واوه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزییان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا، كه‌ چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازیی گه‌وره‌ی له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌.

ڕكابه‌رایه‌تی له‌ نێو لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان و چه‌ندین ده‌یه‌ له‌ جه‌نگ و ناسه‌قامگیری و هه‌ژارییه‌كی توند وایكردووه‌ به‌ تایبه‌تی هاووڵاتیانی عێراق لاواز بن له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌ر ئیسڕائیل و ئێران به‌رده‌وام بن له‌ شه‌ڕكردن، ئیتر شه‌ڕه‌كه‌یان ڕاسته‌وخۆ بێت یاخود له‌ ڕێی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی ناو سنووره‌كانییانه‌وه‌ بێت.

عێراق كه‌وتووه‌ته‌ نێوه‌ندی ته‌قه‌ی ئیسڕائیل و ئێرانه‌وه‌، له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێرانیشدا بۆ سه‌ر ئیسڕائیل چه‌ندین پارچه‌ی موشه‌ك له‌سه‌ر خاكی عێراق كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌.

مازن محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "پێم وانییه‌ جه‌نگه‌كه‌ ته‌نها له‌ ناو ئیسڕائیل و ئێراندا بێت".

له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، ئیبراهیمی ته‌مه‌ن 29 ساڵ كه‌ مامۆستایه‌كی ئێرانی زمانی ئینگلیزییه‌، ماوه‌ی 10 ساڵه‌ ئێرانی جێهێشتووه‌. به‌ڵام هێشتا ناوی دووه‌می ئاشكرا ناكات له‌ ترسی تۆڵه‌ی حكومه‌تی ئێرانی.

ئیبراهیم له‌ ڕابردوودا له‌ ئێران به‌شداری له‌ گردبوونه‌وه‌كانی دژ به‌ ڕۆژئاوادا كردووه‌ و گوێبیستی داواكان بووه‌ بۆ له‌ ناوبردنی ئیسڕائیل. به‌ڵام باوه‌ڕی وایه‌ ئه‌و داوایه‌ له‌ ئێستادا بۆ زۆرێك له‌ ئێرانییه‌كان كاته‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان هاوسۆزی خۆیان بۆ هاووڵاتییانی سڤیل له‌ غه‌ززه‌ ده‌ربڕیوه‌.

ئیبراهیم وتی: "خه‌ڵكی ئێران هه‌ست ناكه‌ن ئه‌مه‌ جه‌نگی ئه‌وان بێت. ئه‌گه‌ر بیر له‌ ده‌ره‌نجامه‌كان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا خه‌ڵكه‌كه‌ زیانییان پێده‌گات".

سانام ڤاكیل به‌ڕێوبه‌ری پڕۆگرامی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریكای باكوور له‌ ئه‌نجومه‌نی چاتهام، پێیوایه‌ كه‌ "سه‌ره‌ڕای رای گشتی، جه‌نگه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند و ره‌نگه‌ به‌رده‌وامیش بێت له‌ په‌ره‌سه‌ندن".

وتیشی: "ئێران هه‌وڵیدا رێگرییه‌كان زیندوو بكاته‌وه‌، توانا به‌رگرییه‌كانی پیشاندا، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ ئایا ده‌توانێت خۆی به‌ دووربگرێت له‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ی راسته‌وخۆی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر ئێران یان نا".

ئیبراهیم پێی وایه‌ كه‌ "قورسه‌ بزانرێت كێ سوود ده‌بینێت له‌ ململانێیه‌كی گه‌وره‌تردا. ئێران له‌ مێژه‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابووریی بووه‌ته‌وه‌ و ملیۆنان كه‌سیش له‌و وڵاته‌دا له‌ هه‌ژاریدا ده‌ژین، له‌ كاتێكدا كه‌ نرخی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌كو خۆراك به‌رزبوونه‌ته‌وه‌".

به‌پێی شیكه‌ره‌وه‌كان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردووشدا حكومه‌تی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ناوبانگی له‌ وڵاته‌كه‌دا كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ململانێی زیاتریش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی قه‌یرانی ئابووری قووڵتر، ڕه‌نگه‌ توندكردنه‌وه‌ی سزاكانیشی به‌دوادا بێت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی په‌كخستنی ئابووری ئێران.

ئیبراهیم وتی: "پێموانییه‌ كۆماری ئیسلامی بتوانێت ئه‌م جه‌نگه‌ هه‌ڵگیرسێنێت، یاخود بتوانێت خه‌رجییه‌كه‌ی دابین بكات".

دوور له‌ پشێوی به‌غدا و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر، له‌ گرده‌كانی كوردستان له‌ نزیك سنووری ئێران، هه‌ندێك له‌ دانیشتوانه‌ كورد و ئێرانییه‌كان قازانجێك له‌ ململانێكه‌دا ده‌بینن.

ژینای ته‌مه‌ن 32 ساڵ له‌ ساڵی 2022 دا ئێرانی به‌ جێهێشت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌سه‌ر مه‌رگی ژینا ئه‌مینی 22 ساڵ له‌ ژێر ده‌ستی پۆلیسی ئێراندا، بریندار بوو. مه‌رگی ژینا ئه‌مینی بووه‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی خۆپیشاندانێكی سه‌رتاسه‌ری له‌و وڵاته‌دا و بزووتنه‌وه‌یه‌كی خۆپیشاندانی له‌ ئێراندا دروست كرد، كه‌ داوای مافه‌كانی ژنان و مافه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسانی ئێران خۆپیشاندانه‌كانییان سه‌ركوت كرد، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مدواییانه‌ی ئێراندا و كه‌می ڕێژه‌ی ده‌نگدان تێیدا ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ركوتكردنه‌كه‌ سوودی نه‌بووه‌ له‌ دامركاندنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كاندا. ژینا ده‌ڵێت هه‌ر كارێكی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ هێرشیشه‌وه‌، حكومه‌تی ئێران لاواز ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی خێروبه‌ره‌كه‌ت بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان.

ژینا وتی: "ئێران گرنگی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی نادات، له‌ كاتێكدا موشه‌ك دژی ئیسڕائیل و وڵاتانی دیكه‌ هه‌ڵده‌دات. ئێران ئه‌م دروستكردنی كێشه‌یه‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ گۆڕینی سه‌رنج و سه‌نگه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وته‌ خراپه‌كه‌ی خۆی".

به‌ڵام هاوشێوه‌ی خێزانه‌كان له‌ عێراق، ژیناش له‌وه‌ ده‌ترسێت دواجار هاووڵاتیانی سڤیل ببنه‌ قوربانی جه‌نگه‌كه‌.

راشیگه‌یاند كه‌ "ته‌له‌فۆنم بۆ خێزانه‌كه‌م كردووه‌ و داوام لێكردوون له‌ ژووره‌وه‌ بمێننه‌وه‌ و ماڵه‌كه‌ جێنه‌هێڵن. داوام له‌ خوشكه‌كه‌م كرد منداڵه‌كانی نه‌نێرێت بۆ قوتابخانه‌".


PM:07:59:16/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت