دوای وه‌ڵامه‌كه‌ی ئێران...قووڵایی عێراق سه‌لامه‌ته‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2024، لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رۆڵی محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كانی ناوچه‌كه‌دا، ئاشكرا كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "قووڵایی عێراق" سه‌لامه‌ته‌.

عه‌باس ئه‌لجبوری ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ "بغداد الیوم" به‌ دووریزانی هه‌ڵكشانی بارگرژی نێوان تاران و ته‌لئه‌بیب، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌ قووڵایی عێراقدا هه‌بێت و رایگه‌یاند: "مه‌سه‌له‌كه‌ له‌م ئاسته‌دا راده‌وه‌ستێت و له‌ نێوان تاران و ته‌لئه‌بیبدا قه‌تیس ده‌بێت و وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك سه‌لامه‌ت ده‌بێت".

ئه‌لجبوری ده‌ڵێت: "سیاسه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، بریتییه‌ له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كان، چ ئاگری ناوخۆ بێت یان ئاگره‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو، توانی به‌غداد له‌ هه‌ر ململانێیه‌ك دوورخاته‌وه‌ و هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی دیالۆگ و دانوستانه‌كان ده‌دات، له‌ پێناو به‌هێزكردنی سه‌قامگیری و هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ عێراق، به‌ڵكو له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات كه‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: "گرنگی رۆڵی عێراق له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌دایه‌ و كردنی به‌غداده‌ به‌ خاڵی لێكتێگه‌یشتنی نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان و هێنانیانه‌ بۆ سه‌ر مێزی دیالۆگ. چونكه‌ هه‌موان ده‌ركیان به‌وه‌كردووه،‌ هه‌ر خزانێك بۆ به‌رپاكردنی شه‌ڕێكی گه‌وره‌، واته‌ كاره‌ساتێكه‌ و هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی وڵاتێك بگرێته‌وه‌ و وڵاتێكی دی نه‌گرێته‌وه‌".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دوێنێ یه‌ك شه‌‌ممه‌، عه‌مید وه‌هبی قه‌تیشه‌ فه‌رمانده‌ی كوتله‌ی په‌رله‌مانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی لوبنان، سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامی چاوه‌ڕوانكراوی ئیسرائیل بۆ ئێران، دوای ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه و شه‌وی موشه‌ك و درۆنه‌كان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ "بغداد الیوم" رایگه‌یاند: "دوای بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسڵخانه‌ی ئێران له‌ سوریا، وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌كه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ قه‌واره‌ی زایۆنی، هیچ نه‌بوو‌ جگه‌ له‌ ئامرازێك بۆ شه‌رمه‌زارنه‌بوون و ده‌رخستنی هێزی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌. ئه‌گینا به‌ده‌ر له‌وه‌، لایه‌نی ئه‌مریكی ئاگاداری كاتی هه‌ڵدانی درۆن و موشه‌كه‌كانی ئێران بوو، ده‌یزانی كه‌ی ده‌گه‌ن و چ شوێنێك ده‌كه‌نه‌ ئامانج.. ئێران ده‌ویست به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی ته‌لئه‌بیب بداته‌وه‌، تاكو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ده‌ستنه‌دات و تاوانباریش نه‌كرێت به‌وه‌ی توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی زایۆنی نییه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دوای بۆردومانه‌كه‌ی ئێران، بازنه‌ی ململانێكه‌ فراوانتر نابێت. به‌ تایبه‌ت بۆردومانه‌كه‌ی ئێران نه‌بووه‌ هۆی كوشتنی هیچ جوله‌كه‌یه‌ك. ئه‌مه‌ش مانای وایه‌، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك روونادات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ته‌لئه‌بیبدا هاتووه‌... به‌ڵام هێزه‌كانی ئیسرائیل، ره‌نگه‌ كار بكه‌ن بۆ تیرۆركردنی زانایه‌كی ئێرانی یان به‌رپرسێك یا جه‌نه‌ڕاڵێك له‌ ناوه‌وه‌ی ئێران یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران. وه‌لێ ئێران روبه‌ڕووی بۆردومانی سه‌ربازی نابێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ وا ده‌كات شه‌عبییه‌تی حكومه‌تی ئێرانی به‌رزببێته‌وه‌، ئیسرائیل نایه‌وێت شتێكی له‌و جۆره‌ رووبدات.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوه‌ردانی لوبنان و بۆردومانكردنی قه‌واره‌ی زایۆنی، ئه‌و عه‌میده‌ روونیكرده‌وه‌: "له‌وانه‌یه‌ ئیسرائیل له‌ ئێستادا نه‌یه‌وێت به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌ لوبنان فراوانتر ببێت، ره‌نگه‌ ململانێكه‌ له‌ باشوری لوبنان دژ به‌ حزبوڵڵا فراوانتر ببێت، له‌ حاڵه‌تی كۆتاییهاتنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌".

شه‌ممه‌ی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران، به‌ زیاد له‌ 130درۆن و موشه‌كی كرۆز و موشه‌كی بالیستی، هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، له‌ كۆی ئه‌و هه‌مو هێرشه‌دا، ته‌نها بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی و فرۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی كرانه‌ ئامانج. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هیچ راپۆرتێك نییه‌، باس له‌ بوونی زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ یان گیانله‌ده‌ستدان بكات. راپۆرته‌ ئه‌مریكی و ئیسرائیلییه‌كان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌رپه‌چی به‌شی هه‌ره‌ زۆری درۆن و موشه‌كه‌كان دراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ناو ئاسمانی ئیسرائیل. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران ده‌ڵێت سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ لێدانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی دیاریكراو.


PM:06:21:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو