ناوه‌ندێكی فه‌له‌كناسی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی دیاریكرد


وێستگه‌ نیوزـ

په‌یمانگای فه‌له‌كناسی و جیۆفیزیای نیشتمانیی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی میسر پێشبینی ده‌كات 16ی مانگی 6ی ئه‌مساڵ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان بێت.

په‌یمانگاكه‌ له‌ به‌دواداچونێكی فه‌له‌كیدا بۆ دیاریكردنی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان، روونیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی حساباته‌ فه‌له‌كییه‌كان، هیلالی مانگی زیلحجه‌ كاتژمێر 2:39 خوله‌كی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 6ی حوزه‌یران به‌كاتی قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر له‌دایك و ئه‌و رۆژه‌ش رۆژی بینینی مانگ ده‌بێت، به‌وپێیه‌ش رۆژی 7ی حوزه‌یران ده‌بێته‌ یه‌كه‌م رۆژی مانگی زیلحجه‌.

ده‌شڵێت: به‌وپێیه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 15ی حوزه‌یرانی 2024 كه‌ هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌رزی حه‌ج، رۆژی عه‌ره‌فه‌ ده‌بێت و به‌دوایدا بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 16ی حوزه‌یران ده‌بێته‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان.

به‌پێی پێشبینییه‌كانی په‌یمانگاكه‌، مانگه‌ی نوێی زیلحكه‌ بۆماوه‌ی 11 خوله‌ك له‌ ئاسمانی شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز و 18 خوله‌كیش له‌ ئاسمانی قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر دوای خۆرئاوابوون ده‌مێنێته‌وه‌و به‌گشتیش ماوه‌ی مانه‌وه‌ی مانگ له‌ پایته‌ختی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌نێوان 1 بۆ 18 خوله‌كدایه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یمانگاكه‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ دوا بریار بۆ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان، لای عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ چونكه‌ وه‌رزی حه‌ج و مه‌راسیمه‌كانی حه‌ج په‌یوه‌ندیی به‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌.


PM:04:30:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 9344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت