نووسینگهی سودانی: خهرجكردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی 2023ـی مووچەخۆرانی ههرێم لە ئەستۆی ئێمهدا نییە
وێستگهنیوزـ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023ـی مووچەخۆرانی کوردستان لە ئەستۆی ئەواندا نییە و پابەندی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبن.
نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، ئاراستەی ئەمینداریێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووه.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "دەمانەوێت پێتانڕابگەیێنین حکومەت بە کارکردن بەوەی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـدا پابەندە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو بابەتەوە جێبەجێ دەکەین".
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی، کە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 نووسراوێکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لەگەڵ 25 پەرلەمانتاری دیکە داوایان لێکرد مووچەی ئەو سێ مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکات، لەو بارهوه دهڵێت: "ئێستا دەرکەوتووە؛ مووچەی ئەو سێ مانگە نە حکومەتی عێراق خەرجی دەکات و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان".
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، پارەکەى زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 ـی ساڵی رابردووی نەداوە، پاساوەکەشی ئەوەیە؛ پارەی بەردەست نییە.
ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، جگە لەوەش لەدوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـوە لە تەمموزی 2023ـوە کێشە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر جێبەجێکردنی دەقەکانی هەیە، بەو هۆیەوە مووچەی مووچەخۆران دوادەکەوێت و ئەم هەفتەیە دوای دوو مانگ مووچەخۆرانی کوردستان مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرت.
PM:10:02:03/04/2024
ئهم بابهته 1148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت