دوا رۆژه‌كانی ژیانی زاهیدی به‌ر له‌وه‌ی له‌ دیمه‌شق بكوژرێت

‌محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی

وێستگه‌نیوزـ

زانیار‌ییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بینایه‌كی ته‌نیشت بالَیۆزخانه‌ی ئێران له ‌دیمه‌شق، ته‌نها دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی سوپای پاسداران عه‌مید محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، له‌ تارانه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق روویداوه‌.

زاهیدی كه‌ له‌ بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل، له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی و ثيَنج فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی دیكه‌ له‌ سوپای پاسداران له‌ سوریا و لوبنان و فه‌له‌ستین،  كوژرا. 

كۆتا رۆژه‌كانی ژیانی، له‌ هاتوچۆی نێوان تارانی پایته‌ختی ئێران و شاری ئه‌سفه‌هان كه‌ زێدی له‌ دایكبوونیه‌تی، به‌سه‌ربردووه‌. ئه‌مه‌ دوای مانه‌وه‌ و هاوتۆچۆكردنی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، له‌ نێوان لوبنان و سوریا، له‌ كاتی به‌رپابوونی شه‌ڕه‌كه‌ی غه‌ززه‌، شه‌ڕێك به‌ هۆی هێرشه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2023وه‌ به‌رپابووه‌.

محه‌مه‌د مه‌هدی زاهیدی، كوڕی زاهیدی، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فه‌رمی "ئێرنا" رایگه‌یاند باوكی پێش ئه‌وه‌ی بكوژرێت، بۆ چه‌ند رۆژێك له‌ نێو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یدا بووه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات باوكی دوای شه‌ش مانگ له‌ نه‌هاتنه‌وه‌، له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا، بۆ چه‌ند رۆژێك هاته‌وه‌ و له‌ شاری ئه‌سفه‌هان، له‌ نێو ماڵ و منداڵه‌كه‌ی خۆی بوو.

یه‌كێك له‌ نه‌وه‌كانی، له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا كه‌ هه‌مان ئاژانسی ناوبراو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت باپیرم پێش دوو رۆژ له‌ كوشتنی، ئێمه‌ی به‌جهێشت و رۆيشت. باس له‌وه‌ش ده‌كات باپیری به‌هۆی دواكه‌وتنی شۆفێره‌كه‌یه‌وه‌، تووڕه‌ بوو.

كه‌ناڵه‌كانی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران له‌سه‌ر تۆڕی تێلیگرام، نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی زاهیدی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، نامه‌كه‌ بۆ كوڕی برازاكه‌ی نووسیوه‌ كه‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵانه‌ و به‌رواری 16 ره‌مه‌زانی له‌سه‌ره‌، واته‌ نامه‌كه‌ له‌ رۆژی 27 ئازاری رابردوودا نووسراوه‌. بانگخوازی ئاینی مه‌حمود كه‌ریمی كه‌ له‌ سوپای پاسدارانه‌وه‌ نزیكه‌، ده‌ڵێت زاهیدی له‌ ئێواره‌ی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، له‌ شاری مه‌شهد له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی وڵات بووه‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ی زاهیدی بۆ وڵاته‌كه‌ی، هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌كانی ئیسماعیل هه‌نییه‌، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و زیاد نه‌خاله‌ سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی، له‌ تاران له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئێران، له‌وانه‌ خامنه‌یی و سه‌رۆك ئیبراهیم ره‌ئیسی و سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی بالای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عه‌لی ئه‌كبه‌ر ئه‌حمه‌دیان. به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ روون نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئاخۆ زاهیدی ئاماده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه ‌بووه یان نا‌.

زاهیدی عه‌یامێكی زۆره‌ به‌رپرسی دۆسێكانی لوبنان و سوریایه‌، له‌ ساڵی 1998وه‌ ده‌ستپێده‌كات و له‌ ساڵی 2002 كۆتایی پێدێت. به‌ڵام له‌ ساڵی 2008 سه‌رله‌نوێ گه‌ڕایه‌وه‌ و هه‌مان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه‌، تێیدا به‌رده‌وام بوو تا ڕۆژی كوشتنه‌كه‌ی.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، زاهیدی یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ نییه‌ له‌ سوریا ده‌كوژرێت و ناوی په‌یوه‌سته‌ به‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ سوریا. ئه‌وه‌تا له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می رابردوو، ره‌زا موسه‌وی به‌رپرسی كۆمه‌كه‌كانی سوپای پاسداران، له‌ ئه‌نجامی بۆردومانێكی ئاسمانی بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ی سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب له‌ ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق، ده‌كوژرێت.

له‌و كاته‌دا میدیاكانی ئیران، رایانگه‌یاند كوشتنی ره‌زا موسه‌وی، دوای یه‌ك كاتژمێر له‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌جێهێشتنی نووسینگه‌كه‌ی له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ ناوچه‌ی ئه‌لمه‌زه‌ روویداوه‌ و كرایه‌ ئامانج. هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاند، ره‌زا موسه‌وی-یان به‌ "پاشكۆی/ مولحه‌قی سه‌ربازی ئێران له‌ دیمه‌شق" وه‌سف ده‌كرد.


PM:09:03:03/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت