پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان بۆ كاندیدە براوەكەی دەمپارتی گەڕێندرایەوە

‌عەبدوڵا زەیدان

وێستگه‌نیوزـ

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی وان بۆ عەبدوڵا زەیدان، كاندیدە براوەكەی دەمپارتی بگەڕێنێتەوەو ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی مافی وەگرتنی پۆستەكە لە ناوبراو، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە شارەكانی باكوری كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

عەبدوڵا زەیدان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، لە پەیامێكدا وتی، "مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان-م بۆ گەڕێندرایەوە، ئەمە ئیرادەو خاوەندارێتی گەلەكەمانە...وەك رێزێك بۆ هەڵوێست و بەرخۆدانی گەلەكەمان، خۆمان دەچەمێنین".

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، بڕیاریدا كە مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی وان كە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەكانی شارەكەوە بە كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان درابو، بگەڕێنێتەوەو بیداتەوە بە عەبدوڵا زەیدان، كاندیدی دەمپارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی گەورە شارەوانی وانە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە دەمپارتی لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا تانەی لە بڕیارەكەی دەستەی خۆجێی هەڵبژاردنەكان لە وان دابو.

دەمپارتی لە راگەیەندراوێكدا لەدوای دەرچونی بڕیارەكە، وتی، لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلی كوردو دۆستەكانمان، مافی پێدانی بڕوانامەی وەرگرتنی پۆستی گەورە شارەوانی وان بۆ عەبدوڵا زەیدان گەڕێندرایەوە، هەر بژی بەرخۆدانی گەلی كورد.

هەروەها تەنجەر بەكیرهان، هاوسەرۆكی دەمپارتی لە پەیامێكدا لەوبارەیەوە وتی، ئەوە رویدا كە دەبو روبدات، ئیردەی گەلی وان ژیایەوە.


PM:07:58:03/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت