ئه‌سته‌مبوڵ و كوڕی ئه‌ربه‌كان... ئه‌ردۆگان دووجار دۆڕا

‌ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ

وێستگه‌نیوزـ

ساڵی 2018 بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا، ساڵێكی قورس و سه‌خت بوو، چونكه‌ له‌و ساڵه‌دا، دوو كوڕی گه‌نجی سیاسی ده‌ركه‌وتن، یه‌كه‌میان فاتح ئه‌ربه‌كان سه‌ركرده‌ی پارتی "ره‌فاهی نوێ"، دووه‌میان ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆی عه‌لمانی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین فیگه‌ره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ وڵاته‌كه‌دا.

له‌ مانگی كانونی دووه‌می هه‌مان ساڵدا، كلیشدار ئۆغلۆ كه‌ سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری بوو، رۆشت بۆ پارێزگای ترابزۆن، له‌وێ سه‌ردانی ماڵی حه‌سه‌ن ئیمام، باوكی ئه‌كره‌م ئۆغلۆی كرد و پێی وت: "هاتووین داوای ده‌ستی كوڕه‌كه‌ت ده‌كه‌ین بۆ ئه‌سته‌مبوڵ". له‌و كاته‌دا، ئه‌كره‌م سه‌رۆكی شاره‌وانی "به‌یلیه‌ك دوزو" بوو؛ كه‌ گه‌ڕه‌كی چینی مام ناوه‌نده‌ له‌ به‌شه‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ی ئه‌سته‌مبوڵ، له‌ باكوری ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه‌.

له‌ گه‌رمه‌ی خۆئاماده‌كردنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، فاتح ئه‌ربه‌كان، به‌ موباره‌كبایی عه‌بدولحه‌مید قاییی خان، نه‌وه‌ی سوڵتانی عوسمانی عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، دامه‌زراندنی پارتی ره‌فاهی نوێی راگه‌یاند.

ساڵی 2019 ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی وڵاتدا بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دۆڕاند، به‌مه‌ش خه‌ونه‌ مێژووییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان نه‌هاته‌دی كه‌ بریتی بوو له‌ بردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌سته‌مبوڵ.

دوای شه‌ش ساڵ، جارێكی دی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌كره‌م ئۆغلۆ توانی پارێزگاری له‌ نازناوه‌ مێژوویی و ئابورییه‌كه‌ی توركیا بكات. به‌ڵام سه‌باره‌ت‌ فاتح ئه‌ربه‌كان، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه‌، ئه‌وه‌یه‌ توانی به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، بۆ خۆی ببات.

پارتی كۆماری، له‌ هه‌ردوو شاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌سته‌مبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌، بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆمار كرد‌ و له‌ سه‌رتاپای وڵاته‌كه‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانی رێژه‌ی له‌ سه‌دا 37.7 كۆی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبێنێت، پله‌ی یه‌كه‌می وه‌رگرتووه‌ و بووه‌ته‌ خاوه‌نی 35 شاره‌وانی.

پارتی ره‌فاهی نوێ، دوو شاره‌وانی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ شاره‌وانی "یۆزگات" و شاره‌وانی "شانلی ئۆرفا" كه‌ شارێكی مێژووییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی توركیا و یه‌كێكه‌ له‌ باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان.

ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ له‌ مێژه‌ سه‌رنجی چاودێرانی له‌ توركیا، بۆ خۆی راكێشاوه‌ و له‌ ئه‌نجامدانی كاروباری سیاسی و كارگێڕیدا، په‌یڕه‌وی له‌ شێوازێكی تا راده‌یه‌كی زۆر جیاواز ده‌كات. ئه‌وه‌تا ساڵی 2019، جێگای سه‌رسوڕمان بوو، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌سته‌مبوڵ، به‌شداری نوێژی غیابی كرد، بۆ گیانی قوربانیانی هه‌ردوو مزگه‌وته‌كه‌ی نیوزله‌ندا و بینرا ئایه‌ته‌كانی قورئان ده‌خوێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌شوهه‌وای گشتی ناو پارته‌كه‌ی، خه‌ریكی قسه‌وتن بوون دژ به‌ ئیسلامییه‌كان، به‌تایبه‌ت پارتی داد و گه‌شه‌پیدان.

ئه‌كره‌م له‌ كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی، به‌ نێو شاره‌وانییه‌كانی ئه‌سته‌مبوڵدا ده‌گه‌ڕا و باسی له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئابوری و ئازادی بیروڕا ده‌كرد. كه‌چی ئه‌ردۆگان ناچار بوو، له‌ بری كاندیده‌كانی، خۆی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكات و ته‌نها قسه‌ی له‌باره‌ی: "پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی توركیا له‌ كه‌سانی تر" ده‌كرد و له‌ دواهه‌مین گوتاری پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، په‌یمانی به‌ 16 ملیۆن تورك دا كه‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ژین، له‌ شاره‌كه‌دا "سه‌رده‌مێكی نوێ" ده‌ستپێده‌كات.

كه‌چی له‌ كۆتایدا، ئه‌كره‌م ئۆغلۆ، به‌ جیاوازی زیاد له‌ ملیۆنێك ده‌نگ، له‌ نزیكترین ركابه‌ریه‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ موراد كۆرۆم، وه‌زیری پێشووی پلاندانان و ئاوه‌دانی و كاندیده‌ دیاره‌كه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.

ئه‌ردۆگان به‌ ته‌نها شاره‌وانی ئه‌سته‌مبوڵی له‌ده‌ستنه‌دا، به‌ڵكو پارته‌كه‌ی له‌ نۆ شاره‌وانی گرنگی شاره‌كه‌ لادراوه‌، گرنگترینیان شاره‌وانی "ئه‌سكۆدار"ه‌ كه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌وێته‌ سنوری ئه‌و شاره‌وانییه‌وه‌.

توركه‌كان ئه‌وه‌یان له‌بیره‌، سه‌روه‌ختێك ئه‌ردۆگان له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنا، رۆشت بۆ ئه‌سكۆدار تا ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی بگێڕێت. له‌وێ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا، سواری پاسێك بوو، به‌ زمانی توركی له‌ نێو ئاپۆرایه‌كی قه‌ره‌باڵغدا كه‌وته‌ گۆرانی وتن: "بۆ ئه‌وانه‌ی ناپرسن، بۆ ئه‌وانه‌ی نابیستن، پێیان ده‌ڵێین خۆشمان ده‌وێن.. زۆرمان خۆشده‌وێن"، هه‌روه‌ها وتی: "ئا لێره‌وه‌ كاروانه‌كه‌مان ده‌ستپێده‌كات، ئێمه‌ عاشقی ئه‌سته‌مبوڵین".

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، پێده‌چێت گه‌ڕه‌كی ئه‌سكۆدار، ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كه‌ی له‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵبژاردبێت. ئه‌مه‌ش هه‌مان حاڵه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌وانییه‌كانی دیكه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی پارتی ده‌سه‌ڵاتداردا بوون، وه‌ك شاره‌وانی ئه‌یوب سوڵتان و بێرم پاشا.

ئه‌ردۆگان له‌ دواهه‌مین گوتاری بۆ دانیشتوانی ئه‌نقه‌ره‌ كه‌ شاره‌وانی ئه‌و شاره‌شی له‌ده‌ستدا و ئۆپۆزسیۆن تێیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، وتی: "ئه‌وه‌ی رویدا خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌... وه‌ك ئه‌وه‌ی باپیرانمان وتوویانه‌: خێر له‌وه‌دایه‌ كه‌ روویداوه‌".

له‌ هه‌مان ئه‌و كات و ساته‌دا، ئه‌كره‌م ئۆغلۆ له‌ سه‌نته‌ری شاری ئه‌سته‌مبوڵ و له‌به‌رده‌م هه‌زاران كه‌س كه‌ ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا، گوتاری بردنه‌وه‌ی راگه‌یاند و وتی: "زه‌مه‌نی یه‌ك پیاو به‌سه‌رچوو، گه‌ل رێنمایی خۆی دا، لێره‌ به‌دواوه‌ كۆماری تۆركیا، به‌ خێراترین خێرایی به‌ره‌وپێش ده‌چێت".

ئه‌كره‌م ئیمام چۆن بردییه‌وه‌؟
زۆر به‌ ساده‌یی بۆیه‌ بردیه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆگان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دۆڕاند. راسته‌ فاكته‌ری ئابوری رۆڵیكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی له‌ چاره‌نووسی ئه‌نجامه‌كاندا بینی. به‌ڵام بۆچی ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی‌ فاكته‌ری ئابوری، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی؛ كه‌ ئه‌ردۆگان له‌ ساڵی رابردوو بووه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی تۆركیا، رۆڵی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی نه‌بوو؟ ساڵی پار هه‌ڵئاوسان زیاتر بوو، هێزی كڕینی كاڵا لای هاوڵاتیانی توركیا، له‌ ئاستێكی نزمتردا بوو.

له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوو، رۆژنامه‌نووسان و چاودێران كه‌ له‌ لایه‌ن میدیاكانی توركیاوه‌، میوانداری كراون بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، كاتێك هه‌وڵیانداوه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌: بۆچی پارتی داد و گه‌شه‌پیدان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. له‌ وه‌ڵامدا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ زۆر به‌كارهاتووه‌: "توركه‌كان ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خۆشیانده‌وێت".

زۆرێك له‌سه‌ر سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی، ره‌خنه‌یان له‌ ئه‌ردۆگان ده‌گرت، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانییه‌كان كاندید كرابوون، له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه‌، قبووڵكراو نه‌بوون. لێره‌وه‌ وا دیاره‌ ده‌نگده‌ران، ئه‌ردۆگان و حیزبه‌كه‌ی له‌ یه‌كتر جیاده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌نگ به‌ ئه‌ردۆگان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی ناده‌ن.

ئه‌ربه‌كانی كوڕ و باوك

گورزه‌كه‌ی فاتح ئه‌ربه‌كان، له‌ گورزه‌كه‌ی ئه‌كره‌م ئیمام به‌ ئازارتر بوو. چونكه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا كه‌ ساڵی رابردوو ئه‌نجامدرا، هاوپه‌یمانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بوو. به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێییه‌دا، وانه‌بووه‌.

ئه‌ربه‌كان له‌ وتاری سه‌ركه‌وتندا ده‌ڵێت: "بووین به‌ ئه‌ستێره‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پرۆژه‌ی نیشتیمانی زیندووكرده‌وه‌"، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئه‌ربه‌كانی باوك سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، ته‌به‌نیكردبوو. 

زۆركه‌س له‌و بڕوایه‌دان ئه‌ربه‌كانی باوك، مامۆستا چاوساغی ئه‌ردۆگان بوو، ئه‌مه‌ به‌ر له‌وه‌ی لێی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌. راسته‌ پارته‌كه‌ی ئه‌ربه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی رابردوو، هاوپه‌یمانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بوو. به‌ڵام ئاقاری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، تاده‌هات زیاتر ئاڵۆزتر ده‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی غه‌ززه‌.

زۆرێك پێیانوایه‌، هاوپه‌یمانی ئه‌ربه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، له‌ دواین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، رۆڵێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی بینی له‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان به‌سه‌ر كه‌مال كلیشدار دا.

فاتح ئه‌ربه‌كان چه‌ندینجار داوای كردووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بچڕێنن. لایه‌نگرانی و سه‌ركرده‌كانی پارته‌كه‌ی، فشاریان له‌ رای گشتی ده‌كرد، تاكو بزانن قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیدا چه‌نده‌. تا ئه‌و كاته‌ی فاتح ئه‌ربه‌كان له‌ مانگی شوباتی رابردوودا، بڕیاریدا له‌ "هاوپه‌یمانی جه‌ماوه‌ر" به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆگان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كان، بكشێته‌وه‌.


PM:06:20:03/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو