خامنه‌یی: پاڵه‌وانه‌كانمان سزای قه‌واره‌ی زایۆنیزم ده‌ده‌ن


وێستگه‌نیوز-
رێبه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران رایگه‌یاند كه‌ پاڵه‌وانه‌كانیان سزای قه‌واره‌ی زایۆنیزم ده‌ده‌ن له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ دوێنێی‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان له‌ سوریا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی نیسانی 2024، عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران، به‌هۆی بۆردومانكردنی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌  ئیسرائیل "قه‌واره‌ی زایۆنیزم" كرد.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی "ته‌سنیم" خامنه‌یی له‌ پرسه‌نامه‌یه‌كدا به‌هۆی كوشتنی‌ جه‌نه‌ڕاڵ محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی و ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێكانی، له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسرائیل، ده‌ڵێت: "به‌ پشت و په‌نای خودا، وایان لێده‌كه‌ین له‌م تاوانه‌ و تاوانه‌كانی دیكه‌شیان، په‌شیمان ببنه‌وه‌".

ئاژانسی هه‌وڵی ته‌سنیم-ی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، رێبه‌ری شۆڕش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر ده‌ستی پاڵه‌وانه‌كانمان، سزای قه‌واره‌ی دڕنده‌ ده‌ده‌ین و وایان لێده‌كه‌ین له‌م تاوانه‌ و ئه‌وانی دیكه‌شیان په‌شیمان ببنه‌وه‌".

خامنه‌یی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "جه‌نه‌ڕاڵ محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی و هاوڕێی چه‌كی، جه‌نه‌ڕاڵ محمه‌مه‌د حاجی ره‌حیمی، له‌ تاوانێكدا شه‌هیدبوون كه‌ قه‌واره‌ی زایۆنی زه‌وتكه‌ر ئه‌نجامیداوه‌. جه‌نه‌ڕاڵ زاهیدی له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ و جیهاددا چاوه‌ڕوانی شه‌هیدبوونی ده‌كرد و له‌ده‌ستدانی زیانێكی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ گه‌لی ئێران".

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 1ی نیسانی 2024، ئیسرائیل به‌ فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌ هێرشی‌ كرده‌سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا و به‌هۆیه‌وه‌ 7 كه‌س كوژران كه‌ له‌نێویاندا محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای پاسدارانی ئێران له‌ سوریا و به‌یروت هه‌بوو.


PM:11:45:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو