ره‌وتی هه‌ڵوێستی نیشتیمانی: (هه‌ژماری من) هیچ به‌هایه‌كی نییه‌


وێستگه‌نیوز-
ڕه‌وتی هه‌ڵوێستی نیشتیمانی رایگه‌یاند كه‌ به‌ پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵ و به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی داراییی عیراق، (هه‌ژماری من) هیچ به‌هایه‌كی نییه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی‌ نیسانی‌ 2024، ڕه‌وتی هه‌ڵوێستی نیشتیمانی كه‌ له‌لایه‌ن عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "پشتیوانی به‌ستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانین به‌ سیستمی موچه‌ی عێراق و جێبه‌جێكردنی ( توطین)"..

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ره‌وته‌كه‌ هه‌ڵوێستی له‌ باره‌ی (هه‌ژماری من) به‌مشێوه‌یه‌ خستووه‌ته‌ڕوو: "ئاشكرایه‌ به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی و نادادی و هه‌ڵه‌كانی حوكمڕانی، ژیانی موچه‌خۆران و كۆی هاوڵاتییانی كوردستان له‌ دۆخێكی خراپدایه‌، به‌ بڕوای ئێمه‌ بژارده‌ی دروست له‌ ئێستادا، به‌ستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ سیستمی موچه‌ی عێراق و جێبه‌جێكردنی (توطین)".

ره‌وته‌كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی‌ بۆ پشتگیری‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو:

1-ئه‌مه‌ش له‌ پێناو گه‌ره‌نتیی دابینكردنی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان و تۆڕی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كاتی خۆیدا- هه‌نگاوێكه‌ بۆ كاركردن به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتووی عێراق و زیادبوونی موچه‌ی خانه‌نشینان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ "توگین” و موچه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌خۆران.
2- سودمه‌ندی موچه‌خۆران له‌ قه‌رزه‌ جیاوازه‌كانی عێراق.

3- جیاكردنه‌وه‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانه‌ له‌ ناكۆكیی سیاسی و گه‌ره‌نتیكردنی موچه‌كانیانه‌..

4-ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی جێگیریی دۆخی دارایی و بوژانه‌وه‌ی بازاڕ و كۆی كه‌رته‌ ئابورییه‌كان.

5- به‌كارنه‌هێنانی موچه‌ وه‌ك كارتێكی سیاسی  بۆ فشاركردن له‌ لایه‌ن حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌.  

ره‌وتی‌ هه‌ڵوێست ده‌ڵێت: "لێره‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، له‌ پێناو موچه‌خۆران و ژیانی هاوڵاتییاندا كاری جدی بكه‌ن بۆ به‌ستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌ سیستمی موچه‌ی عێراق".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی (هه‌ژماری من) ئێمه‌ له‌ ڕه‌وتی هه‌ڵوێست پێمان وایه‌، كه‌ به‌ پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵ و به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی داراییی عیراقی فیدراڵ هیچ به‌هایه‌كی نییه‌".

له‌ كۆتاییدا، ره‌وتی هه‌ڵوێستی نیشتیمانی دوپاتی‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "دابینكردنی موچه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ و باشبوونی ژیانی خه‌ڵك، هه‌رێمی كوردستان لاواز ناكات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی لاوازكردوه‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ حیزبیكردنی داموده‌زگا ئه‌منی، سه‌ربازی و حوكمڕانییه‌كانه‌ و ڕێگریكردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكی خاوێن و به‌ نیشتیمانیكردنی ده‌زگا حوكمڕانییه‌كان".


PM:11:26:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت