ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی فه‌یله‌قی قودس كێ بوو‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ دیمه‌شق كوشتی


وێستگه‌نیوز-
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 1ی نیسانی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل، بۆ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا، بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران.


ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئێران رایگه‌یاند بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق، هێرشێك بوو تێیدا محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی فه‌رمانده‌ی باڵای فه‌یله‌قی قودس كرابووه‌ ئامانج.

محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی كێیه‌؟

زاهیدی یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ ساڵی 2015‌ بۆ ساڵی 2018، پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌رگرتبوو. له‌ نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2007، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی و زه‌مینی سوپای پاسداران بووه‌.

زاهیدی له‌ شه‌ڕی ئێران- عێراق و له‌ شه‌ڕی سوریا، به‌شداری له‌ كه‌تیبه‌یه‌كی سوپای پاسداراندا كردووه‌.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند: "محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، ته‌نها كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربازی پله‌ باڵای ئێران نییه‌، به‌ڵكو كه‌سێكه‌ به‌های خۆی هه‌یه‌ و خاوه‌نی شاره‌زاییه‌كی زۆر بوو‌".

له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رپرسێكی به‌رگری ئه‌مریكا، به‌ سكای نیوزی عه‌ره‌بی راگه‌یاندووه‌: "فه‌رمانده‌ تیرۆركراوه‌كه‌ی فه‌یله‌قی قودس، چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ به‌رپرسی چالاكییه‌كانی فه‌یله‌قی قودسه‌ له‌ سوریا و لوبنان و هه‌میشه‌ له‌ نێوان بێروت و دیمه‌شق-دا هاتوچۆی كردووه‌".

ئاژانسی فه‌رمی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ سوریا (سانا)، له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌، رایگه‌یاند "نزیك به‌ كاتژمێر 17ی رۆژی‌ دووشه‌ممه‌- ئیسرائیلی دوژمن، له‌ كرده‌وه‌یه‌كی دوژمنكارانه‌دا كه‌ له‌ جۆلانی داگیركراوی سوریاوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، كونسوڵخانه‌ی ئێرانی له‌ دیمه‌شق كردووه‌ته‌ ئامانج".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانی وڵاته‌كه‌مان، به‌ره‌نگاری موشه‌كه‌كان بوونه‌وه‌‌ و توانی هه‌ندێكیان بخاته‌ خواره‌وه‌. ئه‌م كرده‌وه‌ دوژمنكارانه‌یه‌، بووه‌ هۆی روخانی ته‌واوی باڵه‌خانه‌كه‌ و كوژران و برینداربوونی هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌دا بوون.

له‌ ئێستادا كار بۆ ده‌رهێنانی ته‌رمه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان و لابردنی داروپه‌ردوی رووخاوی باڵه‌خانه‌كه‌ ده‌كرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رامی عه‌بدولره‌حمان لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند "هێرشێكی ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی ئێرانی له‌ دیمه‌شق كردووه‌ته‌ ئامانج".



PM:11:01:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو