رێبوار كه‌ریم وه‌لی: به‌شداری نه‌كردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی نێوخۆیی ئەو حزبەوە هه‌یه‌

‌رۆژنامه‌نووس رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌

وێستگه‌نیوز-
رۆژنامه‌نووس رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌شداری نه‌كردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی نێوخۆیی ئه‌و حزبه‌وه‌ هه‌یه‌، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی‌ گه‌ر رێگری له‌ هه‌ڵبژاردن بكات، ته‌داعیاتی له‌وه‌ی دوای ریفراندۆم خراپتر ده‌بێ.

رۆژنامه‌نووس رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ "له‌ ئێستاوه‌ هه‌تا 10 ڕۆژ-هه‌فته‌یه‌ك، بوار له‌ به‌رده‌م پارتیه‌ بۆ ڕێككه‌وتن و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، مه‌سه‌له‌ی به‌شداری نه‌كردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن وه‌ك مه‌سه‌له‌ی به‌شدارینه‌كردنی حزبێكی بچوك نیه‌، پارتی به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن و هه‌مان كۆمسیۆن به‌شداری دوو هه‌ڵبژاردنی كردووه‌ له‌ عێراقدا، كه‌چی سوبحانه‌ڵا كۆمسیۆن هیچ كێشه‌ی نه‌بوو، چونكه‌ پارتی خۆی 31 كورسی هێنا، با ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌وانه‌ ته‌نها هۆكارن كه‌ بیانه‌وێت خۆیان له‌ واقیعێك بدزنه‌وه‌، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك، ئه‌گه‌رنا ترسی ساخته‌كاری ئێرانیان نییه‌ بۆ یه‌كێتی، خۆی پارتی ئه‌و ده‌نگانه‌ ناهێنێته‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌یبوو".

رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ ده‌ڵێت: "ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی موسڵ پیشانی دا كه‌ پارتی ڕێك ده‌نگه‌كانی نیوه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی پێنج ساڵی ڕابردووی پارتی بووه‌ له‌ كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "پارتی ده‌یه‌وێت قه‌زیه‌یه‌كی سیاسی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌یه‌تی بیكاته‌ قه‌زیه‌یه‌كی نیشتمانی، ئه‌و هۆكارانه‌ی پارتی باسی ده‌كات له‌سه‌ر دادگای فیدراڵی، چه‌نده‌ خه‌تای دادگای فیدراڵی بێت دوو ئه‌وه‌نده‌ش خه‌تای پارتییه‌".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "پارتی پێی وایه‌ هه‌رچی ئه‌و وتی، ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و به‌شداری نه‌كردنه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ململانێی نێوخۆیی پارتیه‌وه‌، چونكه‌ بۆ كاك مه‌سعود هه‌ڵبژاردن بۆته‌ یا كاك مه‌سرور یا نه‌مان، پارتی وایدانابوو كه‌ كاك نێچیرڤان بارزانی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان بۆ ئه‌و حزبه‌ ده‌كات، به‌ڵام كه‌ كاك نێچیرڤان بارزانی پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ مه‌سرور بكات ئیتر كێشه‌كه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی بێت له‌ ناوخۆدا ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات پارتی هاتووه‌ ملی به‌غداد ده‌گرێ".

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر تا چه‌ند ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردن پارتی ڕێكنه‌كه‌وێ بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان ده‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر پارتی ڕێگری بكات ئه‌وا ته‌داعیاتی له‌وه‌ی دوای ڕیفراندۆم خراپتر ده‌بێ، بیرتانه‌ له‌كاتی ڕیفراندۆم خه‌ڵك ئاوا ده‌هاتن داوای نه‌كردنی ڕیفراندۆمیان كرد به‌ڵام كاك مه‌سعود هه‌ر كردی بۆیه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یمان بینی ئه‌مجاره‌ش ئه‌نجام خراپتره‌".
وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر پارتی بیر له‌ توركیا بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن و دابڕینی دهۆك و هه‌ولێر، ئه‌وا ئیتر ناكرێ بانگه‌شه‌ی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم بكاته‌وه‌، پارتی كه‌ كه‌وته‌ ته‌نگانه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو شتێك ده‌بات به‌هێنانی توركیاشه‌وه‌".

رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعود ده‌یكات بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌ یان هه‌نگاوه‌كانی له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ پێداگری كاك مه‌سعود له‌وه‌ی كه‌ هه‌رده‌بێت كوڕه‌كه‌ی چوار ساڵی تر سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت ئاینده‌یه‌كی ڕه‌ش چاوه‌ڕێی هه‌رێم ده‌كات.

له‌ درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌یدا رێبوار كه‌ریم وه‌لی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "به‌چی موقه‌ده‌ساته‌ سوێند ده‌خۆم ئێستا گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ (مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، پارتی سبه‌ینێ دێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و به‌شدار ده‌بێت، داواكاری 400 هه‌زار ده‌نگ، مافی پێكهاته‌كان ئیشی به‌وانه‌ نیه‌، كاك مه‌سرور ببێته‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك مه‌سعود هیچ كێشه‌ی نییه‌، ئه‌گه‌ر پارتی خه‌می مافی پێكهاته‌كانێتی با پێنج كه‌سی یه‌كه‌می لیسته‌كه‌ی بكاته‌ پێكهاته‌كان و (مونا قاوه‌چی) بكاته‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی بزانین ئه‌وه‌ ده‌كات؟! با ئه‌وكات هه‌موو دنیا لۆمه‌ی لایه‌نه‌كانی تر بكات كه‌ گرنگی ناده‌ن به‌ مافی پێكهاته‌كان".

"پارتی شه‌ڕی دادگای فیدراڵی ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێت، ناشه‌رعییه‌ ئه‌ی بۆ له‌ 2021 نوێنه‌ری خۆتان حاكمێك بۆنارد! ئه‌وه‌ ده‌بینین سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی له‌ئێستادا سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات له‌ به‌غداد، ئه‌مه‌ زانیاریه‌ له‌ خۆوه‌ قسه‌ناكه‌م، دادگای فیدراڵی ڕه‌تڵێك بڕیاری تر دژی پارتی ده‌رده‌كات"، رێبوار واده‌ڵێت.

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت شتێكی خۆش نیه‌ كه‌ بۆ پێنجه‌م جار مه‌رسوم ده‌ربكات، من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و نامه‌یه‌شی ناردی بۆ كۆمسیۆن هه‌ست ده‌كه‌م له‌ژێر فشاری پارتیدا كردی، ئه‌گه‌رنا ده‌كرا ئه‌و تێبینیانه‌ زوو بیڵێ".


PM:09:17:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 3628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت