مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە کۆدەبێتەوە
وێستگهنیوزـ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی لە سلێمانى کۆدەبێتەوە و تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکەش پرسى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانە و تیایدا هەڵوێستى خۆى لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی و، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.
رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی به میدیای فهرمی حزبهكهی راگهیاند: "یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە مەرسوم رۆژی 10ی 6 دیاریکراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکات".
"لە کۆبونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئەگەر و پێشھاتەکان سەبارەت بەو پرسە و چەند پرسێکی گرنگ سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی ھەرێم و عیراق تاوتوێ دەکرێت"، رزگار حاجی حەمە وادەڵێت.
لێپرسراوی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی راشیگەیاند: "یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان نییە و پێشمان خۆشە هەموو هێزولایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن".
رۆژی رابردوو مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو وتى "پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات".
PM:01:01:02/04/2024
ئهم بابهته 648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت