ئەمریکا بە بەهای 18 ملیار دۆلار فڕۆکە و چەک بە ئیسرائیل دەفرۆشێت


وێستگه‌نیوزـ

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، رایانگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، بیر لە پەسەندکردنی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل دەکاتەوە بە بەهای 18 ملیار دۆلار، کە دەیان فڕۆکەی جەنگی ئێف 15 و تەقەمەنی تیادایە.


یەکێک لەو سەرچاوانە ئاشکرای کرد کە فرۆشتنی 25 فڕۆکەی ئێف 15 بە ئیسرائیل لەژێر پێداچوونەوەدایە، کە ئەمریکا لە مانگی یەکی ساڵی 2023دا داوایەکی فەرمی لەو بارەیەوە پێگەیشتووە.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن_ی ئەمریکی، ئەم گرێبەستە گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی كه‌ره‌سه‌ی سەربازی ئەمریکا دەبێت بۆ ئیسرائیل.

ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئیدارەی ئەمریکا کۆنگرێس لە فرۆشتنی بڕێکی زۆر تەقەمەنی بە ئیسرائیل ئاگادار بکاتەوە.

سی ئێن ئێن روونی کردەوە، "گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 15 بە بەهای 18 ملیار دۆلار بە گرێبەستێکی گەورە دادەنرێت کە پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس هەیە. هەروەها ئیدارەی کۆنگرێس بە شێوەیەکی نافەرمی لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ لیژنەکانی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئاگادار کردووەتەوە".


AM:11:46:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت