به‌هۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ ژمارەیەک هاووڵاتی ئەورووپی و ئەمریکی کوژران

‌ئەو ئۆتۆمبێلەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە ئامانج و کارمەندانی رێکخراوەکەی تیابوە. وێنە: AA

وێستگه‌نیوزـ

لە بۆردوومانێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر گرووپێکی رێکخراوە مرۆییەکان لە غەززە حەوت چالاکوان کوژران کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکین.


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی کاروانی رێکخراوێکی مرۆیی نێودەوڵەتی بەناوی "چێشتخانەی ناوەندی جیهان"  کردووە.

بەهۆی بۆردوومانەکەوە چەند کارمەندێکی رێکخراوەکە کوژراون.

رێکخراوە ناحکومییەکە رایگەیاندووە، هاووڵاتییانی وڵاتانی ئوسترالیا، بەریتانیا و پۆڵەندا لەنێو حەوت کەسدا بوون کە لە چێشتخانەی ناوەندی جیهانی، کاردەکەن و رۆژی دووشەممە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە ناوەڕاستی غەززە کوژراون.

جیا لەوان چەند کارمەندێکی فەڵەستینی کە هاوکات هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکی و کەنەدی بوون کوژراون.

بەرپرسانی رێکخراوەکە بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی ئیسرائیلیان کرد.

هاوكات له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و بۆردومانه‌دا رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، "کارەکانی خۆی لە غەززە رادەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کارمەندەکانی لەو هێرشەدا کوژراون".

لای خۆیەوە ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، پەیوەندی بە باڵیۆزی ئیسرائیلەوە کردووە لە وڵاتەکەی و داوای هەرچی زووتر "لێکۆڵینەوەی تەواو"ـی کردووە.


AM:10:34:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت