وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران: ناتانیاهۆ عه‌قڵی له‌ده‌ست داوه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل عه‌قڵی له‌ده‌ست داوه‌ و "مافی خۆمانه‌ وه‌ڵامی بۆردومانكردنی قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق بده‌ینه‌وه‌".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی نیسانی 2024، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌هۆی شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی قه‌واره‌ی ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ و نه‌گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌ مه‌به‌سته‌كان، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی زایۆنی به‌ته‌واوی هاوسه‌نگی ده‌روونی له‌ده‌ست داوه‌".

حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان ده‌ڵێت: "هێرشكردنه‌سه‌ر بینای قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق پێشێلكردنی هه‌موو پابه‌ندبوون و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، به‌وپێیه‌ قه‌واره‌ی زایۆنی لێكه‌وته‌ی ئه‌م چالاكییه‌ هه‌ڵده‌گرێت".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختی له‌ "پێویستی كاردانه‌وه‌ی جددی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م جۆره‌ كرده‌وه‌ تاوانكارییانه‌" كرده‌وه‌.

كاتێكی‌ پێشتری ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، هێرش كرایه‌سه‌ر بینای‌ قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ شاری‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا و به‌پێی‌ لێدوانی‌ باڵیۆزی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ دیمه‌شق، 5- 7 كه‌س كوژراون كه‌ له‌ نێویاندا محه‌مه‌د ره‌زا زه‌هیدی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس له‌ سوریا و ئێران هه‌یه‌.


PM:09:48:01/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت