هێرشكرایه‌سه‌ر قونسوڵخانه‌ی‌ ئێران له‌ دیمه‌شق


وێستگه‌نیوز-
هێرشكرایه‌سه‌ر قونسوڵخانه‌ی‌ ئێران له‌ دیمه‌شق و به‌رپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی‌ ئێران و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌ تر كوژران.


ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی سوریا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل هێرشی‌ كردووه‌ته‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق و ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی عه‌ره‌بی سوریا له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: "نزیكه‌ی كاتژمێر 5ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، ئیسرائیلی دوژمن هێرشێكی ئاسمانی له‌ ئاڕاسته‌ی جۆلانی داگیركراوی سوریاوه‌ ده‌ستپێكرد و بینای كونسوڵخانه‌ی ئێرانی له‌ دیمه‌شق كرده‌ ئامانج”.

ئاژانسه‌كه‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "هێزه‌كانی به‌رگری ئاسمانیمان وه‌ڵامی مووشه‌كه‌كانی دوژمنیان دایه‌وه‌ و به‌شێكیان خستنه‌ خواره‌وه‌. ده‌ستدرێژییه‌كه‌ بووه‌ هۆی وێرانكردنی ته‌واوی بیناكه‌ و كوژران و برینداربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ بوون. له‌ ئێستادا كاركردن بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوه‌كان و چاره‌سه‌ری برینداره‌كان و لابردنی‌ داروپه‌ردووه‌كان به‌رده‌وامه‌".

لای خۆیه‌وه‌ رامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی‌ روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رایگه‌یاند كه‌ "هێرشێكی ئیسرائیل باڵه‌خانه‌یه‌كی سه‌ر به‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شقی كرده‌ ئامانج".
رامی عه‌بدولڕه‌حمان بۆ سكای نیوز عه‌ره‌بی وتی‌: "هه‌واڵه‌كان باس له‌ به‌ئامانجگرتنی‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌ ئێرانی‌ له‌ بۆردومانه‌كه‌ی ناوچه‌ی مه‌ززه‌ ده‌كه‌ن”.

وتیشی‌: "به‌هۆی‌ بۆردومانكردنی‌ باڵه‌خانه‌كه‌ی ناوچه‌ی‌ مه‌ززه‌ له‌ دیمه‌شق 6 كه‌س كوژراون".

میدیاكانی‌ ئێرانیش بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران له‌ سوریا و لوبنان و ژماره‌یه‌ك كه‌سی‌ تر كوژران.

 میدیای ئێرانی سوپای ئیسرائیلی‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كه‌ بۆسه‌ر بینای‌ قونسوڵخانه‌ی‌ ئێران تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام تا ئێستا له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ هیچ لێدوانێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆه‌وه‌ نه‌دراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی پێشتر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی سوپای پاسداران بووه‌.
 
زاهیدی نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران و فه‌یله‌قی قودسه‌ له‌ سوریا و لوبنان.

ئاژانسی میزان كه‌ ئاژانسێكی فه‌رمیی ئێرانه‌، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هێرشه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كراوه‌ و باڵه‌خانه‌ی ته‌نیشت قونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كراوه‌ته‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی خاپوور بووه‌".


PM:07:41:01/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو