عێراق هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ دژی تای خوێنبه‌ربوون ده‌ستپێده‌كات


وێستگه‌نیوز-
حكومه‌تی‌ عێراق له‌ڕێی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی كوتان دژی تای خوێنبه‌ربوون ده‌ستپێده‌كات و سه‌ره‌تا له‌ سێ‌ پارێزگاوه‌ ده‌ست پێده‌كات و دواتر سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ تر جگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.


به‌یانی رۆژی دوو شه‌ممه‌ 1ی نیسانی 2024، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی‌ عێراق‌ ده‌ستده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانی كوتان دژ به‌ نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون، له‌ سێ پارێزگای عێراق كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ 18ی نیسانی داهاتووش، هه‌ڵمه‌تێكی كوتانی گشتگیر دژ به‌ نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون، له‌ به‌غدا و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كات.

ڤایرۆسی ئه‌م نه‌خۆشییه‌، له‌م رێگایانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوێزرێته‌وه: پێوه‌دان، ده‌ست لێدان له‌ خوێنی ئاژه‌ڵی تووشبوو، یان به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆشتی ئاژه‌ڵه‌كه‌ چ له‌ كاتی سه‌ربڕین یان له‌ دوای سه‌ربڕین. له‌به‌ر ئه‌وه‌، به‌شی زۆری هه‌موو ئه‌وانه‌ی دووچاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌بن، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ مه‌ڕوماڵات به‌خێوده‌كه‌ن یان گۆشتفرۆشن یاخود پزیشكی ڤێتێرنه‌رین.

زه‌ینه‌ب ره‌حیم حسێن، به‌رپرسی راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ی ڤێته‌رنه‌ری له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، رایگه‌یاند لیژنه‌ی ئاودان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی، كۆمه‌ڵێك رێنمایی ده‌ركردووه‌، له‌ هه‌مویان گرنگتر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رجه‌م لقه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكان، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی كوتانه‌كه‌.

هه‌روه‌ك به‌یانی دووشه‌ممه‌، هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانی به‌ خۆڕایی ده‌ستپێده‌كات و ئه‌و سێ پاریزگایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، موسڵ، زیقار، واست، به‌ئامانجی‌ له‌ناوبردنی هۆكاری نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌(مشه‌خۆره‌كه‌).

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت رێنماییه‌كان ئه‌وه‌شی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ له‌ 18ی نیسانی داهاتوو، هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانی به‌هاره‌ی خۆڕایی ده‌ستپێده‌كات و دوو مانگ ده‌خایه‌نێت و ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌شی هه‌یه‌. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌غدا و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ده‌گرێته‌وه‌، جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ 246 تیمی ڤێتێرنه‌ری به‌شداری تێدا ده‌كات و هه‌ر بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌ پارێزگاكان، تیمێكی ڤێتێرنه‌ری به‌رده‌كه‌وێت. هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌رمانرێژكردنی گه‌وڕه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان تێدایه‌ و كوتانی ئاژه‌ڵه‌ تووشبووه‌كان و ڕشاندنی ئاژه‌ڵه‌كانی دیكه‌ به‌ ده‌رمان، له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش بۆ له‌ناوبردنی ماوه‌ی هه‌ڵهێنان و گه‌شه‌كردنی مشه‌خۆره‌كه‌وه‌یه‌، تاكو نه‌بێت به‌ مێروویه‌كی پێگه‌یشتووی زیانبه‌خش كه‌ به‌ خێرایی بڵاوببێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی شاره‌زایان، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر مرۆڤ تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بوو، ئه‌وا كه‌سی تووشبوو له‌ میانه‌ی به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆ به‌ خوێنه‌كه‌ی یان پاشه‌ڕۆكانی یاخود شله‌مه‌نییه‌كانی جه‌سته‌یه‌وه‌، ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ نه‌خۆشخانه‌كان به‌هۆی ته‌عقیم نه‌كردنی كه‌ره‌سته‌ پزیشكییه‌كانه‌وه‌ یان سه‌رله‌نوێ به‌كارهێنانه‌وه‌ی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان بێ ته‌عقیمكردنی، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ی راگه‌یاندن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ژماره‌یه‌ك پزیشكی ڤێتێرنه‌ری، به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌رمانی (ده‌لتا مپرین)ی قڕكه‌ر و پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی كه‌سییان بۆ دابین ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ دابینكردنی كۆمه‌كی لۆجستی و مادیی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد مێرووه‌كه‌ له‌ كاتی خۆرئاوابوون ده‌رده‌كه‌وێت و له‌كاتی رۆژ و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیدا، له‌ نێو كون و كه‌له‌به‌ری خاكه‌ كشتوكاڵییه‌كان خۆیده‌شارێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌ویانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خزمه‌تگوزارین و به‌كارناهێنرێن.







PM:03:35:31/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو