جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌عێراق: پێویستمان به‌هێزی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌

‌فەریق روکنی یەکەم، قه‌یس محەمەداوی

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ عێراق، رایگه‌یاند گه‌ڕی سێیه‌می دانوستانی‌ ئه‌منی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی پێهات و له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ئاینده‌دا، گه‌ڕی چواره‌م ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30 ئازاری 2024، فەریق روکنی یەکەم، قه‌یس محەمەداوی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ و ئه‌لحه‌ده‌س، باسی له‌وه‌ كردووه‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌، 3 لیژنه‌ی ئه‌منی پێكهێنراوه‌ و كارده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی حه‌شارگه‌كانی داعش كه‌ ماونه‌ته‌وه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكان و ئاماده‌كردنی چه‌ك و دۆخی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ داعش توانای پلاندانان و ته‌جنیدكردن و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی نه‌ماوه‌ و ده‌ڵێت: "دزه‌ كردنی ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی داعش له‌ سنوره‌كانه‌وه‌، به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 99 كه‌میكردووه‌"و پێیوایه‌ دۆخی سنوره‌كانی عێراق باشتر بووەو "له‌ بیابانه‌كان هێڵێ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ دانراوه‌" و له‌ ئێستادا كار بۆ جیاكردنه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی عێراق له‌ گۆڕه‌پانی سوریا ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ وڵات، روونیكرده‌وه‌ دید و تێڕوانینی حكومه‌تی عێراق، بریتییه‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان  و "ئێمه‌ پێویستمان به‌ هێزێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌".


PM:11:51:30/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو