وتەبێژی حکومەتی عێراق: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە


وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن و وتی: پارەی مووچە بە تەواوی زامن کراوە.

میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق خشته‌كانی تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵ په‌سه‌ند ده‌كات.

وتیشی، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ست به‌ پاره‌داركردنی پارێزگاكان ده‌كات.

له‌سه‌ر گه‌ره‌نتیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش، عه‌وادی وتی: كۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران 69 تریلیۆن دیناره‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌ته‌واوی زامن كراوه‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌.

 سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانیش له‌ عێراق، وته‌بێژی حكومه‌تی به‌غدا وتی: هه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌ی عێرق و ئه‌مریكا چواره‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیی به‌غداش له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا رانه‌وه‌ستاوه‌و عێراق كار بۆ په‌ره‌پێدانی بواری بانكی ده‌كات.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه له‌ هه‌ندێك میدیای عێراقی باس له‌ كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ كرابوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌بێت، به‌ڵام‌عه‌توان عه‌توانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندبو‌و كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بودجه‌ی 2024دا زامن كراوه‌ و هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی دارایی له‌ عێراقدا نییه‌.


PM:09:46:30/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو