ئاسایشی نیشتمانی‌ "سه‌یرترین" شێوازی قاچاخچێتی ماده‌ی هۆشبه‌ر ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ "سه‌یرترین" شێوازی قاچاخچێتی ماده‌ی هۆشبه‌ریان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ شاردنه‌وه‌ی‌ بووه‌ له‌ناو گوێزدا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ توانیویانه‌ سه‌یرترین شێوازه‌كانی قاچاخچێتی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاشكرا بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌شیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ تێوه‌گلاون.

ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ تۆمه‌تباران به‌شێك بوون له‌ تۆڕێكی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ له‌ (11) كه‌س پێكهاتوون و له‌ پارێزگاكانی (به‌سره‌، به‌غدا، دیوانیه‌، و كوت) چالاك بوون.

ده‌شڵێت: " له‌سه‌ره‌تادا مه‌فره‌زه‌كانمان توانییان ئه‌ندامێكی بانده‌كه‌ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی‌ گواستنه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌ له‌ نێوان پارێزگاكاندا، دواتر تۆمه‌تباره‌كانی تر ده‌ستگیركران".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ هێزه‌كانی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ماده‌ی هۆشبه‌ردا گرتووه‌ كه‌ له‌ناو گوێزدا شاردراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ سه‌یرترین شێوازه‌كانی شاردنه‌وه‌ی‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر.

بۆ بینینی‌ ڤیدیۆ كلیك لێره‌ بكه‌:


PM:01:55:29/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو