سه‌رۆك كۆمار: عه‌ره‌ب و كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ پێكه‌وه‌ دژی سته‌مكاری راپه‌ڕین

‌د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار

وێستگه‌نیوز-
له‌ رێوڕه‌سمی یادی دامه‌زراندنی رێكخراوی به‌دردا له‌ به‌غدا، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق پێکەوە بە یەکگرتوویی وەستاین بۆئەوەی زوڵم رەتبکەینەوە و دژی ستەمکاری راپەڕین.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی 43یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی رێكخراوی به‌در بوو، كه‌ ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ 28-3-2024 له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا وته‌یه‌كه‌ی پێشكه‌شكرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ، رۆژانی جیهاد و ساته‌كانی شه‌ره‌فمه‌ندبون به‌بیرده‌هێنینه‌وه‌، كه‌ عه‌ره‌ب و كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی گه‌لی عێراق به‌ یه‌كگرتوویی وه‌ستاین بۆئه‌وه‌ی زوڵم ره‌تبكه‌ینه‌وه‌ و دژی سته‌مكاری راپه‌ڕین".

وتیشی‌: "به‌ بیری نه‌وه‌كانی ده‌هێنینه‌وه‌، به‌ ئه‌زموونی دیموكراسی ئه‌مڕۆی عێراق نه‌ده‌گه‌یشتین ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانیدانانه‌ی پیاوانی تێكۆشه‌ر نه‌بوایه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر زوڵم وه‌ستانه‌وه‌ و سته‌مكارییان ره‌تكرده‌وه‌ و كاریان كرد بۆ بنیاتنانی نیشتمانێكی سه‌ربه‌خۆ، كه‌ تێیدا گه‌ل به‌ ئازادی له‌سه‌ر خاكی خۆی بژی".

ئه‌مه‌ش ده‌قی وته‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان

سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێبێت

ره‌مه‌زانتان پیرۆزبێت و هه‌موو ساڵێك به‌خێر و خۆشی بێت بۆ عێراق و گه‌له‌كه‌مان

خوشك و برایانی ئاماده‌بوو

ئه‌مڕۆ بۆ یادی 43 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی به‌در كۆبوینه‌ته‌وه‌، ناوه‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ بۆنه‌یه‌كی ئازیز له‌ناو دڵی موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهاندا، كه‌ نادادپه‌روه‌ری ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ له‌پێناو ژیانێكی ئازاد و شكۆمه‌ندانه‌دا، ئه‌م رێكخراوه‌ و سه‌ركرده‌كانی شه‌ره‌فی به‌شدارییان له‌ روخاندنی رژێمێكی تۆتالیتاریدا هه‌بوو، كه‌ رۆڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كوشت و ئاواره‌ی ده‌كردن، چونكه‌ زوڵم و سته‌مكارییان ره‌تكرده‌وه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی دیموكراسی بۆ عێراق.

ئه‌مڕۆ، رۆژانی جیهاد و ساته‌كانی شه‌ره‌فمه‌ندبون به‌بیرده‌هێنینه‌وه‌، كه‌ عه‌ره‌ب و كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی گه‌لی عێراق پێكه‌وه‌ به‌ یه‌كگرتوویی وه‌ستاین بۆئه‌وه‌ی زوڵم ره‌تبكه‌ینه‌وه‌ و دژی سته‌مكاری راپه‌ڕین و ژیانێكی شایسته‌ به‌دیبهێنین، هه‌روه‌ها بیری نه‌وه‌كانی ده‌هێنینه‌وه‌، به‌ ئه‌زموونی دیموكراسی ئه‌مڕۆی عێراق نه‌ده‌گه‌یشتین ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانیدانانه‌ی پیاوانی تێكۆشه‌ر نه‌بوایه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر زوڵم وه‌ستانه‌وه‌ و سته‌مكارییان ره‌تكرده‌وه‌ و كاریان كرد بۆ بنیاتنانی نیشتمانێكی سه‌ربه‌خۆ، كه‌ تێیدا گه‌ل به‌ ئازادی له‌سه‌ر خاكی خۆی بژی.   
 
برایانمان له‌ رێكخراوی به‌در له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریدا هه‌ڵوێستی گه‌وره‌یان هه‌بوو، له‌گه‌ڵیان به‌شداربوین و به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شداربون له‌گه‌ڵماندا له‌ ساته‌كانی جیهاد له‌ ناو زۆنگاوه‌كان و ده‌شت و شاخه‌كاندا، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پێكه‌وه‌ یاده‌وه‌رییه‌ جیهادییه‌كانمان ده‌نوسییه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگای رزگاركردنی وڵات له‌ژێر چنگی ده‌سه‌ڵاتێك، كه‌ تاوانی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌له‌كه‌ی ئه‌نجامدا و هه‌وڵی قڕكردنی پێكهاته‌كانی دا، جارێك له‌ پرۆسه‌ به‌دناوه‌كانی ئه‌نفالدا، كه‌ زیاتر له‌ 180 هه‌زار كه‌س له‌ ژن و منداڵ و به‌ ته‌مه‌ن بونه‌ قوربانی و جارێكی دیكه‌ له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی راپه‌ڕینی گه‌ل له‌ ره‌مه‌زانی ساڵی 1991، سێیه‌م جاریش به‌ چه‌كی كیمیاوی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر یادی 36ه‌مین ساڵه‌ی قوربانییه‌كانیمان كرده‌وه‌، زۆر رووداوی دیكه‌ش هه‌ن.

خوشكان و برایان، ئاماده‌بووان

سه‌ركرده‌كانی رێكخراوی به‌در به‌ له‌پێشه‌وه‌یاندا به‌ڕێز هادی عامری و به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ براكانیان له‌ بزوتنه‌وه‌ و هێزه‌ نیشتمانییه‌كانی دیكه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا، پێشه‌نگ بون له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌ی دوای روخانی رژێم له‌ ساڵی 2003دا هاته‌ئاراوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ براكانیان به‌شداربون له‌ نوسینی ده‌قه‌كانی ده‌ستور له‌ ساڵی 2005 و داڕشتنی سیماكانی سیسته‌می نوێی سیاسی، دووریش نه‌بون له‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌شداریكردن له‌ دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان.

رۆڵی رێكخراوی به‌در به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو یه‌كێك بوو له‌ پێشه‌نگه‌كان، كه‌ روبه‌ڕوی تیرۆریستانی قاعیده‌ و داعش بووه‌وه‌، خوێنی رۆڵه‌كانیشی له‌گه‌ڵ خوێنی براكانیان له‌ سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌ جۆراوجۆره‌كان تێكه‌ڵاو بوو له‌پێناو رزگاركردنی ئه‌و خاكه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌وه‌ داگیركرابو، ره‌نگه‌ زه‌حمه‌تترین ئه‌رك چه‌سپاندنی سیسته‌می دیموكراسی و رێگریكردن بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت و قۆرخكردنی بڕیاردان، سه‌ره‌ڕای پاراستنی ئه‌و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ی ئه‌مڕۆ عێراق به‌خۆیه‌وه‌ده‌بینێت و به‌رده‌وامیدان به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان.

ئومێدم بۆ برایانی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندام و كادران له‌ به‌در، سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامییه‌. ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیش بۆ گه‌لی عێراق. هه‌روه‌ها دروود و ستایش بۆ شه‌هیدانی عێراق.

دوباره‌ سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێبێت





PM:11:26:28/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت